چین: "ئەگەری داخستنی گەرووی ھورمز دەبێتە مایەی مەترسی لەسەر ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی کاڵا"

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە ئەگەری داخستنی گەرووی ھورمز، کاریگەریی خراپ لەسەر ئابووریی جیھان دروست دەکات.

پەکین ــ AA

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە ئەگەری داخستنی گەرووی ھورمز دەبێتە مایەی مەترسی لەسەر ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی کاڵا و ئاماژەی بەوەشدا کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، گوا چیاکون ڕایگەیاند کە گەرووی ھورمز، ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ بازرگانی نێودەوڵەتیی کاڵا و وزە و گوتی: "ئەگەری داخستنی گەرووی ھورمز، کاریگەریی خراپ لەسەر ئابووریی جیھان دروست دەکات".

گوتیشی: "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکات".

داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە ھەوڵی زیاتر بدات، لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و ھۆشداری ئەوەی دا کە بەردەوامبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە، مەترسی لەسەر گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتانی جیھان و ناوچەکە دروست دەکات، ھەروەھا ناوچەکە بەرەو گرژیی زیاتر دەبات.

ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی لەسەدا ٤٥ی ھاوردەکردنی نەوت بۆ چین بە کەنداو و گەرووی ھورمزدا تێدەپەڕێت کە ئەوەش وایکردووە ئاسایشی ناوچەکە بۆ چین گرنگ بێت.