پەکین - AA
چین هێرشی ئەمریکای وەک وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتێکی دیکە کە خاوەنی ئەو چەکە نییە، بە کردەیەکی ترسناک و بێ وێنە ناوزەند کرد.
بەپێی هەواڵێکی CGTN، نوێنەری هەمیشەیی چین لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لی سۆنگ لە میانی کۆبوونەوەی بەپەلەی ڕێکخراوەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
لی لە گوتارەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئیدانەی هێرشی ئەمریکای ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و خاوەنی چەکی ئەتۆمی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە و لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدایە دەکەن و، ڕایگەیاند: "ئەمە بە سروشتی خۆی کردەیەکی ترسناک و بێ وێنەیە".
لی ئاماژەی بەوە کرد کردەکەی ئەمریکا بەشێوەیەکی جددی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئامانج و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە و، گرژییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد کردووە، لەبەرئەوە چین نیگەرانە و دژی هەر جۆرە کردەیەکە کە سەروەریی و ئاسایشی ئێران پێشێل دەکات و، دژی هەر جۆرە هێرشێکە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
هەروەها لی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێگای سەرەکی چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی ئێران دانوستان و هاریکارییە و، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەتی ئەمریکا کرد هەوڵ بدەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هاندان بۆ گفتوگۆ و دانوستان.