کیێڤ ــ AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی ڕایگەیاند کە سوپای ڕووسیا بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ھێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک شاری ئۆکراینا و بەھۆیەوە ١٥ کەس کوژراون و ٧٥ی دیکەش برینداربوون.
ڤلۆدیمێر زێلێنسکی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام ئاماژەی بەوەداوە کە سوپای ڕووسیا بە ئاراستەکردنی ٤٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی و ٣٢ مووشەک ھێرشی کردووەتە سەر کیێڤی پایتەخت و شارەکانی میکۆلایڤ، ئۆدیسا، چێرنیگۆڤ، ژیتۆمیر، کیرۆڤۆگراد و زاپۆریژییا.
ڕاشیگەیاندووە کە بەھۆی ھێرشەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئەو شارانەی ئۆکراینا، ١٥ کەس کوژراون و ٧٥ی دیکەش برینداربوون.
ڕاشیگەیاندووە کە ھێرشەکانی ڕووسیا، زیانێکی زۆری ماددی بە کیێڤی پایتەخت و شارەکانی میکۆلایڤ، ئۆدیسا، چێرنیگۆڤ، ژیتۆمیر، کیرۆڤۆگراد و زاپۆریژییا گەیاندووە.
ھەروەھا ڤلۆدیمێر زێلێنسکی بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەھەمبەر ھێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا سەرکۆنە کردووە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەیەوێت جەنگەکە بەردەوام بێت.