Heman Hussein Yaseen
08 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2020
هەولێر - AA
بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لەژێر دروشمی هاوڕێی باش، هاوڕێی تەنگانەیە، چین لە رێگای کۆنسولخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان، ٢٠٠ ھەزار دەمامکی ئاسایی پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی بە ئامادەبوونی کۆنسولی چین لە هەرێمی کوردستان، نێ رۆچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەمرۆ، ٢٠٠ ھەزار دەمامکی ئاساییمان لە رێگەی کۆنسولخانەی چین لە ھەرێمی کوردستان بەدەست گەیشت، ئەوەش لەچوارچێوەی پڕۆژەی ھاوبەشی 'ھاوڕێی باش، ھاوڕێی تەنگانەیە' کە چین پێشکەش بە عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکات، هەروەها چین بڕیاریداوە تیمی شارەزا و پسپۆڕ رەوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات کە حاڵەتەکانی گومان و تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبینن".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "چین ٤٠ ھەزار ئامێری دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنای پێشکەش بە عێراق کردووە و وەزارەتی تەندروستی عێراقیش بڕیاریداوە کە پشکی ھەرێمی کوردستان دابین بکات".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، کۆنسولی چین، نێ رۆچی بە زمانی کوردی سوپاسی وەزیری تەندروستی کرد و دواتر رایگەیاند کە لە پێشکەشکردنی ھاوکارییەکان لەچێوارچێوەی بەرەنگاربوونەوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەردەوام دەبن و پێشکەشکردنی ئەو دەمامکانەیشی بە هەنگاوی یەکەم وەسفکرد و گوتی: "وەک هەنگاوی یەکەم بڕی ٢٠٠ هەزار دەمامکی ئاساییمان پێشكەش بە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کورستان کرد و بڕیاریشە تیمێکی شارەزا سەردانی عێراق بکات بۆ ئەوەی حاڵەتەکانی تووشبووب بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ببینن".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بەو ئافرەتەی کە شەوی رابردوو وەزارەتی تەندروستی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا راگەیاند، سامان بەرزنجی گوتی: "ئەم ئافرەتە سەردانی ئێرانی کردبوو، دواتر گەڕابووەوە هەرێمی کوردستان و کەرەنتین کرابوو، هەر لە کەرەنتین لەمیانی پشکنینە تەندروستییەکان، دەرچوو کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنایە و لەئێستاشدا تەندروستی تووشبووەکانی هەرێمی کوردستان باشە".
وەزیری تەندروستی ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەوانەی هەوڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناراست دەدەن و دەروونی هاووڵاتییان دەشەڵەژێنن، رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە و راشیگەیاند کە هەر زانیارییەک هەبێت ئەوا وەزارەتی تەندروستی دەیخاتەڕوو.