کۆڤید- ١٩

"پێشببینی ده‌كرێت تا شوباتی داهاتوو ١٢٠ هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێم تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بن"

- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، : ''لەسەدا شەشی پشکنینەکان پۆزەتیڤە لە کاتێکدا پشکنینەکان پۆزەتیڤ بێت، بۆیە پێشبینی دەکەین ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بین ئەوا تا مانگی شوباتی داھاتوو نزیکەی ١٢٠ ھەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن''.

Heman Hussein Yaseen  | 13.07.2020 - نوێکردنەوە : 14.07.2020
"پێشببینی ده‌كرێت تا شوباتی داهاتوو ١٢٠ هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێم تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بن"

Arbil

هه‌ولێر - AA

وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، رایگەیاند کە لەمەودوا رێکاری تازەی سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێدەکەن.

وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و ئاشکرایکرد کە رێکاری تازە جێبەجێدەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: ''سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورەی ماددی و مەعنەوییمانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە ھەموو پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کردووە''.

گوتیشی: ''بە گشتی زیاتر لە ٣٥٠ کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ھەروەھا بە گشتی نۆ ھەزار و ٦٩٥ حاڵەت لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون و چوار ھەزار حاڵەتیش لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیکشی وەردەگرن، ھاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاریداوە کە ھەڵمەتی نیشتمانی ھۆشیاری بە بەشداری سەرجەم دەزگا میدیاییەکانی کوردستان ئەنجام بدات''.

سامان بەرزنجی باسی لەوەشکرد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەدا ٩٥ی تەواوی پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای دابینکردووە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ ھاوکارێکی باشی وەزارەتی تەندروستی بووە لەم پڕۆسەیەدا.

وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داتا و ئامارەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای خستەڕوو و تاییدا گوتی: ''لەسەدا شەشی پشکنینەکان پۆزەتیڤە لە کاتێکدا ئەگەر بەرەو کۆنتڕۆڵکردن بچین دەبێت سەدا پێنج بەرەو خوارەوەی پشکنینەکان پۆزەتیڤ بێت، بۆیە پێشبینی دەکەین ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بین ئەوا تا مانگی شوباتی داھاتوو نزیکەی ١٢٠ ھەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن''.

بەپێی داتا و ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێژەی تووشبوان لە ئافرەتاندا سەدا ٦٢ و لە پیاوانیشدا سەدا ٣٨ و، رێژەی مردنیش سەدا پێنجە لە کۆی تووشبووان.

وەزیری تەندروستی گوتیشی: ''لە سەرەتای پڕۆسەکەوه‌ تا ئێستا ١٦٣ ھەزار پشکنین ئەنجامدراوە و، ھەموو ئەو پڕوپاگەندانەش راست نین کە گوایا ئەگەر ژمارەی تووشبووان بەرزبێتەوە ئەوا رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڕێک پارە دەداتە ھەرێمی کوردستان''.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان لە ھەرێمی کوردستان بریتییە لە نۆ ھەزار و ٦٩٥ کەس و لەو ژمارەیەش ٣٤٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın