عێراق, کۆڤید- ١٩

وەزیرێکی پێشووتری حکوومەتی ھەرێم بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

دكتۆر شەفیق قەزاز، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسیی و، وەزیری ھاوکاری و مرۆڤایەتی لە هه‌ردوو ‌کابینەی سێیه‌م و چواره‌می حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.

Heman Hussein Yaseen  | 23.10.2020 - نوێکردنەوە : 23.10.2020
وەزیرێکی پێشووتری حکوومەتی ھەرێم بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

Arbil

ھەولێر - AA

درەنگانی شەوی رابردوو، شەفیق قەزاز، نووسەر، مێژوونووس و لێکۆڵەری سیاسیی و، وەزیری ھاوکاری و مرۆڤایەتی لە ھەردوو ‌کابینەی سێیەم و چوارەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.

شەفیق قەزاز زیاتر لە ١٥ رۆژ بوو تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، بەڵام ماوەی ھەفتەیەک بوو لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی ئاسا، تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی خەوێندرابوو، بەڵام ئەمشەو بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستدا.

شەفیق قەزاز، نوێنەری شۆڕشی ئەیلوول لە ئەوروپا و ئەمریکا بووە، وەزیری ھاوکاری و مرۆڤایەتی بووە لە ھەردوو کابینەی سێیەم و چوارەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەکادیمیای کوردستان بووە.

شەفیق قەزاز لەساڵی ١٩٣٤ لەیەکێک لەگەڕەکە دێرینەکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە و، ئەندامی دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەمەریکا ساڵی ١٩٦٣ تا ١٩٧٣ بووە، نوێنەری کورد بۆ ھاوکاری و نیشتەجێکردنی کورد لە دەرەوەی ووڵات لە ئێران بووە لە ساڵی ١٩٧٥ و، سەرۆکی مەڵبەندی رۆشنبیری کوردی بووە لە ساڵی ١٩٩٠ و، وەزیری یارمەتی مرۆڤایەتی و ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو کابینەی سێیەم و چوارەم لە ساڵانی ١٩٩٦ تا ـ٢٠٠٥.

شەفیق قەزاز، سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بووە لە ھەولێر لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١١ و، سەرۆکی بۆڕدی زانکۆی کوردستان بووە لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ساڵی ٢٠١١ و، ئەمشەویش بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە تەمەنی ٨٦ ساڵییدا لە نەخۆشخانەی ئاسا لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın