نوێترین پێشهاتەکانی کۆرۆنا لە بەڕازیل و مەکسیک و هیندستان
- لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٢٢٣ کەس لە بەڕازیل، ٧٨٢ کەس لە مەکسیک و ٤٨٧ کەس لە هیندستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیانیان لەدەستداوە.
Buenos Aires
بۆینس ئایرس/ ئەنقەرە - AA
بەڕازیل لەڕووی زۆری ژمارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ریزبەندی دووەمی وڵاتانی جیهاندایە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە بڵاوی کردوونەتەوە، تەنها لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٢٢٣ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە، ٦٧ هەزار و ٩٦٤ کەس.
هەروەها ٤٤ هەزار و ٥٧١ حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار کراوە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەو وڵاتە گەیشتووەتە، یەک ملیۆن و ٧١٣ هەزار و ١٦٠ کەس.
زۆرترین حاڵەتەکانیش لە شاری ساو پاولۆ ناوەندی بازرگانیی بەڕازیل تۆمار کراون کە ١٦ هەزار و ٧٨٨ حاڵەتی گیان لەدەستدان و ٣٤١ هەزار و ٣٦٥ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەیە.
پێشتریش سەرۆکی بەڕازیل، جەیر بۆڵسۆنارۆ ئەوەی پشتڕاستکردبووەوە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بووە.
- بەهەمان شێوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە مەکسیک بەردەوامە.
بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی مەکسیک لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٧٨٢ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە و کۆی گشتیی گیان لەدەستدان لەو وڵاتە گەیشتووەتە، ٣٢ هەزار و ٧٩٦ کەس.
هەروەها شەش هەزار و ٩٩٥ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە، ٢٧٥ هەزار و سێ کەس.
- لە هیندستان-یش ژمارەکان لە هەڵکشاندان.
وەزارەتی تەندروستیی هیندستان ئەوەی ئاشکرا کرد لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٨٧ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەی هەتا ئێستا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە، ٢١ هەزار و ١٢٩ کەس.
هەروەها ٢٤ هەزار و ٨٧٩ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراون و ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە، ٧٦٧ هەزار و ٢٩٦ کەس.
بەگوێرەی ئامارەکانی ماڵپەڕی"Worldometer" هیندستان لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووان و حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ریزبەندی چوارەمی وڵاتانی جیهاندایە.