Heman Hussein Yaseen
16 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2020
ههولێر- AA
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، قەدەغەی ھاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان تا ٢٣ی نیسان درێژکرایەوە.
بەپێی بەیانێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە بە واژووی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد بە ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٢٠ دەرکراوە، لە کاتژمێر شەشی ئێوارە تا ١٢ی شەو قەدەغەی ھاتوچۆ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت و تەنھا رێگا دەدرێت بە هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی ھێزە ئەمنییەکان، تیمەکانی تەندروستی، ئاژانس و رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوپەیمانان و دیپلۆماتکاران.
ئاماژە بەوەشدراوە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بهپێی ئهو رێنماییانهی كه پێشووتر بڕیاریان لهسهردراوه بهردهوام دهبێت، هەروەها دهروازه سنوورییهكان و ههردوو فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتیی ههولێر و سلێمانی بهڕووی گهشتیاران به داخراوی دهمێننهوه.
بەیانەکەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان١٠ خاڵی لەخۆگرتووە کە بریتیین لە: ''
یەکەم: درێژکردنەوەی راگرتنی ھاتوچۆ لە تەواوی پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە و، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکانییان تا کاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٠ و، ھەر شوفێرێک سەرپێچی بکات بە پێی بەیانی ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠٢٠ سزا دەدرێت.
دووەم: ھاتوچۆی پیادە قەدەغەیە جگە لە حاڵەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانە و حاڵەتی نەخۆشی.
سێیەم: ھاتوچۆکردنی ئاژانس و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ھاوپەیمانان و دیپلۆماتکاران رێگەیان پێدراوە لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان.
چوارەم: لە کاتژمێر شەشی ئێوارە تا ١٢ی شەو قەدەغەی ھاتوچۆ لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت و تەنھا رێگا دەدرێت بە ھاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی ھێزە ئەمنییەکان، تیمەکانی تەندروستی، ئەمبوڵانس و ئەوانەی لە ئەرکی فەرمییدان و ئەوانەی لە بڕگەی (سێیەم) دیاریکراون.
پێنجەم: ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە پێیی رێنماییەکانی پێشووتر بڕیاریان لهسهردراو بەردەوام دەبێت.
شەشەم: دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی ئەو خشتانەی کە پێشنیازیان کردووە لە کاتژمێر ١٢ی شەو تا شەشی ئێوارە بە مەبەستی رێگەپێدان بە کردنەوەی ئەو شوێنە خزمەتگوزارییانەی کە پێویستن بۆ ھاووڵاتییان و بە تایبەت کەرتی کشتوکاڵ، لەبەر ئەوەی وەرزی پێگەشتنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە و ھاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلە خزمەتگوزارییەکانییان بەپێی پێویست.
حەوتەم: ھاتوچۆکردن لەنێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بە ھەموو شێوەیەک رادەگیرێت و لە حاڵەتی زۆر پێویست بەپێی ئەو میکانیزمەی لە بڕگەی ھەشتەم دیاریکراوە، دەبێت.
ھەشتەم: رێگاپێدان لە نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، وە لەناو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی سیستەمی رێگاپێدانی ئەلیکترۆنی دەبێت لە وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ دانراوە و، ھاووڵاتیی دەتوانێت لە حاڵەتی زۆر پێویستدا داوای رێگاپێدان بکات و بەپێی ئەو رێنماییانەی کە لەو سیستەمە دیاریکراوە و، ئەم سیستەمە لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٠ کارا دەبێت.
نۆیەم: ھەر کەسێک سەر بە ھێزە ئەمنییەکانی راسپێردراو بە جێبەجێکردنی کارەکانی سەرەوە کەمتەرخەمی بنوێنێت لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بەیانە لەکاتی ئەرکدا، بەپێی یاسا سزا دەدرێت.
دەیەم: دەروازە سنوورییەکانی، پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران، ئیبراھیم خەلیل و سەرزێرێ و، ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی بەڕووی گەشتیاراندا بە داخراوی دەمێننەوە و ھیچ کەسێک بەبێ رەزامەندی وەزیری ناوخۆ رێگای پێ نادرێت بگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان ئەگەر لە دەرەوە وڵات بێت، لە کاتی گەڕانەوەیان لەو پارێزگایە یان ئەو ئیدارە سەربەخۆیەی کە لێی نیشتەجێیە کەرەنتین دەکرێن و پێویستە لەسەر ژووری ئۆپەراسیۆنەکان، گشت رێکارە تەندروستی و ئەمنییەکانی بگرێتەبەر.