Heman Hussein Yaseen
08 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2020
هەولێر - AA
لە فەرمانێکی سەندیکای پزیشکانی کوردستاندا ھاتووە کە ئەنجوومەنی باڵای سەندیکا بڕیاری دا بە داخستنی سەرجەم سەنتەری جوانکاری و نۆرینگەکانی نەشتەرگەری جوانکاری و سەنتەری شیاندنەوەی پزیشکی تاکو ١/٤/٢٠٢٠، ھەروەھا نۆرینگەکانی پزیشکی پێست تەنھا حاڵەتەکانی نەخۆشی پێست ببینن، ھیچ جۆرە کارێکی جوانکاری ئەنجام نەدەن.
لە بەشێکی دیکەی فەرمانەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە سەنتەرەکانی منداڵی بلووری تەنھا بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو نەخۆشانەی پێشتریان، بە ھیچ جۆرێک نەخۆشی نوێ وەرنەگرن و رێکاری چارەسەری نەگیرێتەبەر.
جەختیش لەوەکراوەتەوە کە پزیشکانی لقەکانی دیکە سەردانیکردن و مەوعیدی ھەر نەخۆشێک بە تەواوی رێکبخەن و لە ھەشت نەخۆش زیاتر نەبینن لە کاتی دەوامی نۆرینگەکانیان، تاوەکو کەمتر تێکەڵبوون و بەریەککەوتن لەنێوان نەخۆشەکاندا ھەبێت.
سەندیکای پزیشکان راشیگەیاندووە کە نۆرینگەی پزیشکی خێزانی و نۆرینگەی پزیشکی شارەزای گشتی دابخرێن.
لە فەرمانەکەی سەندیکادا ھاتووە کە ئەم بڕیارە لە ٩/٣/٢٠٢٠ کاری پێ دەکرێت و ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە ھەر کەسێک پابەند نەبێت، ئەوا ھاووڵاتییان دەتوانن لە رێگای ژمارە مۆبایلی ٠٧٥٠٧٨٣٨٨٠٥ سەندیکای پزیشکان ئاگادار بکەنەوە.