عێراق, کۆڤید- ١٩

حەوت ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد رادەستی تەندروستیی ھەولێر کرا

دارا جەلیل خەیات: ''بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئەم دیارییەی ژوورە بازرگانییەکان وەک ھەماھەنگی و ھاوکارییە لە کاتێکدا کە ئێستا حکوومەتی ھەرێم، بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەوە و ئێمەش ھاوکاری حکوومەت و خەڵکی خۆمان دەکەین''

Heman Hussein Yaseen  | 31.03.2020 - نوێکردنەوە : 01.04.2020
حەوت ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد رادەستی تەندروستیی ھەولێر کرا

Arbil

هه‌ولێر - AA

ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر بەمەبەستی ھاوکاریکردنی کەرتی تەندروستیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، حەوت ئامێری ھەناسەدانی دەستکردنی پێشکەش بە تەندروستیی ھەولێر کرد و ئامێرەکان دروستکراوی وڵاتی ئەمریکان و نرخی ھەر دانەیەکیش ١٧ ھەزار دۆلارە.

سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات گوتی: ''بەھۆی ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئەم دیارییەی ژوورە بازرگانییەکان وەک ھەماھەنگی و ھاوکارییە لە کاتێکدا کە ئێستا حکوومەتی ھەرێم، بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەوە و ئێمەش وەک چین و توێژەکان ھاوکاری حکوومەت و خەڵکی خۆمان دەکەین''.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر دلۆڤان محەمەد گوتی: ''بەپێی ستاندەری جیھانی لە ھەڵسەنگاندنی راپۆرتە پزیشکییەکانی چین و وڵاتانی جیھانی دەرکەوتووە کە سەدا پێنجی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستیان بە چاودێری چڕ و ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد دەبێت، ئێستاش لە شاری ھەولێر ٤٧ ئامێری ھەناسەدانی دەستکردمان ھەیە''.

لەبارەی جۆر و کوالێتی ئامێرەکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ھەولێر گوتی: ''ئامێرەکان دروستکراوی وڵاتی ئەمریکان و بە ھاوکاری لەگەڵ شارەزایانی ھەرێمی کوردستان، تایبەتمەندییەکانی دەستنیشانکراوە و گەرەنتی لەگەڵە و لە رووی کوالێتییەوە زۆر باشە''.

دلۆڤان محەمەد ئاماژەی بە رەوشی نەخۆشەکان کرد و گوتی: ''ئەو حاڵەتانەی ئێستا لە ھەولێر ھەن، ھەموویان دۆخیان جێگیرە و حەوت نەخۆشیش چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان''.

ناوبراو ئاماژەی بە رەوشی نەخۆشەکانی شارەدێی خەلیفان کرد و گوتی: ''جگە لەو حاڵەتانەی کە لە خەلیفان دەرکەوتوون، تەنھا دوێنێ لەناو خەلیفان ٧٦ ھاووڵاتی نموونەی پشکنینیان لێ وەرگیراوە، ھەرچی کەرەنتینەکردنی کۆمەڵگەی سێبیران و خەلیفان-یشە دەبێت ماوەی ١٤ رۆژی کەرەنتینەی خۆیان تەواو بکەن''.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رۆژانە نزیکەی ٧٠٠ پشکنین بۆ ھاووڵاتییان دەکرێت بە پێشکەوتووترین ئامێری پشکنین و کۆی گشتی تووشبووان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٦٢ کەس و لەو ژمارەیەش ٨٨ حاڵەت لە سلێمانی، ٥٧ حاڵەت لە ھەولێر، ھەشت حاڵەت لە ھەڵەبجە و نۆ حاڵەتیش لە دھۆکن و ٥٦ کەسش چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانییان کە لەو ژمارەیەش ٥٠ کەس لە سلێمانی و شەش کەسیش لە ھەولێر بووە. دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانیش ھەبووە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın