Rawan Subhi Obaidullah
20 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2022
دھۆک - AA
خالیدە شەمۆ تەمەن ٢٨ساڵ، خەڵکی گوندی دگۆرێ قەزای شنگالە، ماوەی ھەشت ساڵە لە کەمپی خانکێی سنووری قەزای سێمێلی سەربە پارێزگای دھۆک نیشتەجێیە، ئەو چیرۆکی خۆی دەگەڕێتەوە کە ساڵی ٢٠١٤ وەکو ھەر ئێزدییەکی دیکەی قەزای شنگال دوای پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر قەزاکەیان، ئاوارەی پارێزگای دھۆک بووە و دەڵێت: "ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ کە لەنێو کەمپەکاندا بووین، کەس ھیچی بۆ ئێمە نەکرد، باوەڕمان وابوو کە ژیانی ناو کەمپەکان کاتییە و دەردەچین، بەڵام کە بینم بووە دووساڵ و زیاتر، ئیتر بیرم لەوەکردەوە کە گرنگی بە خیوەتەکەم بدەم بۆ ئەوەی زیاتر تیایدا بحەسێینەوە، چونکە لە ژیانی کەمپدا بەردەوام ھەستمان بە بێزاری و ماندوبوون دەکرد".
خالیدە شەمۆ دەشڵێت: "سەرەتا کە ھاتینە کەمپ، کارەبای مۆلیدە نەبوو لە وەرزی ھاویندا زۆر گەرم بوو، کارەبای نیشتمانیش زۆر باش نەبوو، شوێنێک نەبوو لەناو کەمپەکان کە پشووەکی لێبدەین، ھەمووی تۆز و خۆڵ بوو، بیرمکردەوە چۆن ئەو تۆز و خۆڵە بۆ ژینگەیەکی باشتر بگۆڕم و شوێنێک دروست بکەم تا خێزانەکەم پشووی لێبدەن، وردە وردە کۆمەڵێک گوڵم لەبەردەم خیوەتەکەمدا چاند و کۆڵم نەدا تا زیاتر لە ٢٩ جۆری گوڵم چاند، ئێستا خیوەتەکەم وەکو باخچەیەکی لێ ھاتووە، رووبەری سەوزایی خیوەتەکەم زیادی کرد، ھەرکات بێتاقەت دەبم ئەوا دێمە ناو باخچەکەم و بۆنی گوڵەکان، دڵخۆشم دەکەن".
ئەو کچە ئێزدییە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای پشکوتنی گوڵەکان و بوونی سەوزایی لە دەوروبەری خیوتەکەیان، ئەوا چەندین کەسی دیکەی نیشتەجێی کەمپەکە هەمان هەنگاویان نا و دەڵێت: "دوای ئەوەی خەڵکی کەمپە خیوەتەکەمیان بینی کە ھەموویم کردووەتە سەوزایی، چەندین خێزانی دیکەی نیشتەجێی کەمپەکە ھەمان ھەنگاویان نا و خیوەتەکانیان بە گوڵ و درەخت رازاندەوە، ئەمەش دڵخۆشم دەکات، چونکە بیرۆکەی من بووە مایەی ئەوەی سیمای بەشێک لە کەمپەکە جوانتر بکەین".
خالیدە شەمۆ داواکاریی لە دانیشتووانی کەمپەکان ھەیە و دەڵێت: "بۆ ئەوەی سیمای کەمپەکان جوان بێت و کەشوهەوایەکی فێنک و پاکمان ھەبێت، با ھەر خێزانێک لە بەردەم خیوەتەکەی دارێک بچێنێت، چونکە ماوەی ھەشت ساڵ بەسەر ژیانی نێو کەمپەکان تێپەڕی، تێبینی ئەوەم کردووە گرنگی بە سەوزایی نادرێت".
بەهۆی پەرۆشیی بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و گرنگییدانی بە ژینگە، رێکخراوی (lemon tree trust) پەیوەندی بە خالیدە شەمۆ-وە دەکەن و چەندین گوڵ و داری پێشکەشی دەکەن و وێنەی خیوەتەکەی دەگرن و لەمبارەیەوە خالیدە شەمۆ دەڵێت: "ساڵی ٢٠٢١ بەشداریم کرد لە پیشانگایەک کە رێکخراوی لیمۆن رێکیخستبوو. لە پیشانگاکەدا زیاتر لە ٣٠ وێنە نمایشکرابوون، وێنەی خیوەتەکەی من لەبەر جوانی و زۆری سەوزاییەیەکەی، بە پلەی یەکەم دەرچوو، هەر بۆیەش لەلایەن رێکخراوەکەوە خەڵات کرام".
خالیدە شەمۆ هیوای وایە ئەو رۆژە بێت کە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی و دەڵێت: "مرۆڤ لە چ شوێنێکی دونیا بژیت، ئەگەر لە شوێنی لەدایکبوونی نەبێت، ناڕەحەتە و ھەست بە ئاسوودەیی ناکات، ھەشت ساڵە لێرەین بەڕاستی ماندووین و دەمانەوێت حکوومەتی عێراق زەمینەسازی بکات بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێنەوە شنگال، ھەرچەندە تا ئەو کاتەی لە شنگال ئەمنیەتمان پارێزراو نەبێت، بڕیارمان داوە نەگەڕێینەوە".
دوای رووداوەکانی سێی ئابی ٢٠١٤ کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری قەزای شنگالی دا، زیاتر لە ٣٣١ ھەزار کەس ئاوارەبوون کە لەنێو ١٥ کەمپی سنووری پارێزگای دھۆک نیشتەجێ کران.