Heman Hussein Yaseen
26 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2020
ههولێر - AA
دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون لە رۆژی یەکی ئادار لە ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند رێکارێکی گرتەبەر و لە رۆژی ١٤ی ئاداردا قەدەغەکردنی ھاتوچۆی لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی راگەیاند و دواتر بڕیارەکە شاری دهۆکیشی گرتەوە و تا ئێستاش قەدەغەکردنی ھاتوچۆ بەردەوامە.
بەھۆی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، جموجۆڵ و ھاتوچۆ کەمتر لەناو شاری هەولێردا دەبیندرێت و بێدەنگیش باڵی بەسەر ئەو شوێنانەدا کێشاوە کە پێشووتر خەڵکی بۆ حەسانەوە روویان تێ دەکرد.
پاڕکی شانەدەر، یەکێک لە پارکە گەورەکانی شاری ھەولێرە و لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھار، رۆژانە خەڵکێکی زۆر روویان تێ دەکرد بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و ئێستاش جگە دهنگی چۆلهكه و دیمهنی ئهو پهیكهره دهستكردانهی وهكو سیمبولێكی خۆشهویستی دهستیان كردووهته ملی یهكتر، ھیچ شتێکی دیکە لەم پارکەدا نابیندرێت و دەرگاکانی بەڕووی هاووڵاتییاندا، داخراوە.
رۆژی ١٣ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان له بەیاننامەکەیدا، چەند بڕیارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بەپێی بڕیارەکە لە کاتژمێر ١٢ـی شەو، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، قهدهغهی ھاتوچۆی ناوشاری لە ھەولێر و سلێمانیی راگەیاند ، رۆژی ١٥ی ئادار، بۆ جاری دووهم وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قەدەغەی ھاتوچۆی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.
لە رۆژی ٢٢ی مانگ، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم قەدەغەی ھاتوچۆی تا یەکی نیسان درێژکردەوە و رۆژی دواتر بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد، سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و جگە لە قەدەغەی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل، ئەوا قەدەغەی ھاتوچۆی پیادەش راگەیاندرا.
تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان، ١٠٣ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوونە و لەو ژمارەیەش ٦٩ کەسیان لە پارێزگای سلێمانی، ٣٢ کەس لە پارێزگای ھەولێر و دوو حاڵەتیش لە پارێزگای دھۆک ھەیە و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانیشی تێیدایە.