ئابووری, ژيان, عێراق

نیگه‌رانی جووتیارانی شارەزوور له‌ ساغنه‌بوونه‌وه‌ی به‌ر‌وبوومه‌كانیان

- جووتیار، عوسمان ئەحمەد مارف: "بەم هەموو زەحمەتە تەماتە دەچێنیت و دەیچنیتەوە، دواتر دەیبەیتە بازاڕ کیلۆی ١٥٠ دینارت بۆ دەکات، ساغ نابێتەوە بۆت".

Rewa Mahmood Hasan  | 09.07.2020 - نوێکردنەوە : 14.07.2020
نیگه‌رانی جووتیارانی شارەزوور له‌ ساغنه‌بوونه‌وه‌ی به‌ر‌وبوومه‌كانیان

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

لینکی فۆتۆەکان https://www.aa.com.tr/ks

لینکی ڤیدیۆ https://www.aa.com.tr/ks

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، زۆرێک لە جووتیاران سەرقاڵ دەبن بە چنینەوەی تەمامە و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی دیکە.

ئەمساڵ بەروبوومی جووتیاران بەتایبەتەی لە شووتی، تەماتە و خەیاردا بە نرخێکی زۆر هەرزان لە بازاڕەکاندا وەردەگیرێتەوە، ئەمەیش جووتیارانی تووشی بێهیوایی کردووە و هەندێکیان بیر لەوە دەکەنەوە کە ساڵی داهاتوو دەستبەرداری پیشەی کشتوکاڵکردن، بن.

عوسمان ئەحمەد مارف کە تەمەنی ٤٠ ساڵە و لە ١٥ ساڵییەوە سەرقاڵی کاری جووتیارییە، لەسەر رووبەری دوو دۆنم زەوی تەماتەی کردووە، باس لەوە دەکات کە بەروبوومی ئەمساڵی جووتیاران زۆر زیانی کردەوە و هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە حکوومەت هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە وەک ساڵانی پێشوو تاکو بەروبوومە دەرەکییەکان راگرێت یاخود باجیان بخاتە سەر تاکو بەروبوومی ناوخۆیی زیاتر فرۆشیی هەبێت و گوتی:

''ئەم دوو دۆنمە پێنج هەزار پلاسکۆ تەماتە دەردەکات، بەڵام پارە ناکات، یەک پلاسکۆ بە دوو هەزار دەفرۆشین ئەگەر کرێکار بگریت رۆژی بە ٢٠ هەزار کارت بۆ دەکات، دواتر تەماتەکە دەبەیتە بازاڕ پارەی کرێکارییەکە دەرناکاتەوە".

عوسمان ئەحمەد مارف بەدەم لێکردنەوەی تەماتەوە قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەکرد و گوتی: ''ئەوە ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە سەرقاڵی کاری جووتیاریم، کارێکی سەختمان هەیە، بەڵام هەوڵ دەدەین ژیانی خۆمانی پێ بەسەر بەرین. کارێکی هەتا بڵێی سەختە، ئێمە لە سەعات دووی پاشنیوەڕۆوە لێرەین تەنها ئەوەندەمان چنیوەتەوە، دواتر دەیبەینە بازاڕی سەوزە و میوە، بە هەزار و ٥٠٠ یان کەمێک زیاتر یەک پلاسکۆی ١٠ کیلۆییمان لێ دەکڕنەوە، پلاسکۆکەش خۆی لە بازاڕدا ٣٣٠ دیناری پێ دەدەین، واتە هیچ قازانجێکی لێ ناکەین. کیلۆیەک بە ١٠٠ دینار لێتی وەردەگرێت، دوای مشتومڕ ئەگەر بتوانیت بە ١٥٠ دینار یان ٢٠٠ دینار پێی بفرۆشیت".

ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانی پێشووتر بەربوومەکانیان بە باشی فرۆشراوە و سوودیان لێ وەرگرتووە، بەڵام ئەمساڵ هیچ سوودێکی نەبووە، چونکە هێنانی سەوزە و میوە لە دەرەوە رانەگیڕاوە و باجیش نەخراوەتە سەر ئەو بەروبوومانەی لە دەرەوە دێن، بۆیە ئەمە زیان بە بەروبوومی ئێمەی جووتیار دەگەیەنێت.


"نزیکەی شەش ملیۆنم خەرج کرد لە بێستانی شووتیدا، کەچی کەمتر لە پێنج ملیۆنی بۆ گرتمەوە"

ئارام سەعید یەکێکی دیکەیە لە جووتیارانی ناوچەی شارەزوور، ئەو پێی وایە کە خاکی شارەزوور لە هەموو هەرێمی کوردستاندا بەپیتترینە، بەڵام قەدری ناگیرێت و گوتی:

''ئەم شارەزوورە چی بەرهەمێک بخوازیت دەتوانیت تێیدا بچێنیت، برنج، گەنم، گەنمەشامی، تەماتە، شووتی، کاڵەک، خەیار و سەوزەکان، بەڵام هیچ سوودی نییە هەرچیەک بچێنیت، ئاوا بەرهەمەکەی بە بەلاش دەخەینە بازاڕەوە".

ئارام سەعید گلەیی ئەوە دەکات کە بەروبوومەکانیان زۆر بەهەرزان دەفرۆشنەوە، حکوومەت هیچ رێکارێکی پێویستی نەگرتۆتە بەر بۆ بەهاناوەهاتنی بەروبووم و قەدرگرتنی بەروبووەمی ناوخۆیی.

ئارام سەعید گوتی: ''بیستومانە سەرمایەدارێک لە هەولێر و دهۆک بەروبوومی تەماتەی جووتیاران دەکڕێتەوە، بۆ ئەوەی بەهەدەر نەڕوات، ئەی بەروبوومی شارەزوور چی لێ بکەین، هەموو بەروبوومی کوردستان بەقەد بەروبوومی شارەزوور نابێت. ئەوە رەنجی ئەمساڵمانە، بەڵام حکوومەت نامان بیستێت. لەم خاکە بەپیتەوە ئەم هەموو کاڵەک و شووتی و تەماتەیە بەرهەم دێنین، کەچی بەبەلاش دەیفرۆشینەوە و بەهەدەر دەڕوات. من بۆخۆم بێستانی شووتیم کرد خەرجییەکەی خۆی دەرنەهێناوەتەوە. پێنج ملیۆن و ٤٠٠ هەزاری تێچوو، کەچی پێنج ملیۆن کەمتری بۆ نەگرتمەوە، کشتوکاڵ چۆن ئاوها دەبێت، بۆیە ئەگەر وا بڕوات ئێمە دەستبەرداری دەبین".

یەکێکی تر لە جووتیارانی ناوچەکە کە لەگەڵ منداڵەکانیدا هاتبووە سەر بێستانەکە و تەماتەی دەچنیەوە بەدەم گلەییەوە ئاماژەی بەوە دەدا کە ژیانی منداڵەکەشی بێهودە بووە هێندە دەیهێنێتە بێستان بەو گەرمای خۆرە رایدەگرێت، بەڵام دواتر کاتێک بەروبوومەکە دەبەنە بازاڕ هیچ پارەیەکی وەهایان بۆ ناکات کە بتوانن سوودی لێ بکەن.

رێزان سدیق کە ماوەی پێنج ساڵە سەرقاڵی کشتوکاڵ کردنە دەڵێت:

''بەروبوومی ئەمساڵمان هیچ نەبوو، ئەوە نە شووتیمان پاردە دەکات نە کاڵەک، نە تەماتە، من خۆم و هاوسەرکەم بە دوو منداڵەوە رەنج دەدەین، بەڵام هیچ بەروبوومێکم پارە ناکات لە عەلوە، نەکەسێک دێت بە هاوارمانەوە، ئەوەتا ئەم هەموو تەماتە جوانە دەبەیتە عەلوە پارە ناکات، ئەوە کاڵەکە بەهەمان شێوە، لەبەیانی تا ئێوارە رادەکەین بۆ بژێوی ژیان، بۆ ئەوەی بەروبوومی کشتوکاڵەکەمان بچنینەوە دەیبەیتە عەلوە، هیچ پارە ناکات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın