Rewa Mahmood Hasan
06 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2020
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی کە قەیرانی غازی شل لە هەرێمی کوردستان دروست بوو، هاوکات لە چەندین ناوچە تەقە لە شۆفێر و تانكهری گواستنهوهی غازی شل دەکرا و، رێگری دەکرا لە گواستنەوەی، چاوی کامێراکان و رەخنەکان روویان کردە ئەو کۆمپانیایەی کە تەندەری نوێی گواستنەوەی غازی شلی وهرگرتووه.
کۆمپانیای سورگاز کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە كار دهكات لە بواری سووتەمەنی و گازدا، لە پارێزگای سلێمانی خاوەنی ٧ کارگەی تایبەتە لە بواری سووتەمەنی بەتایبەت غازی شل و، خاوەنی مۆڵەتی پله یهكه لەو بوارەدا. لە بەرامبەر هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی کە ماوەی چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە میدیایەکان بڵاو بوونەتەوە، بەتایبەت لەسەر پرسی دروستبوونی قەیرانی غازی شل، کە شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووهتەوە، کۆمپانیای سورگاز کۆنگرەیەکی رۆژنامەیی رێکخست.
لە کۆنگرە رۆژنامهوانییهکەدا بەڕێوەبەری رێگە پێدراوی کۆمپانیاکە، قادر سدیق ئاماژەی بەوەدا کە لەئێستادا توانای کۆمپانیاکەیان بۆ گواستنەوەی غازی شل لە کارگەی کۆرمۆرەوە بۆ کوردستان، لەسەرووی ٢ ههزار و ٥٠٠ تۆن غازی شلەوەیە، کە پێشتر دانەغاز توانای گواستنەوەی ههزار تۆنی هەبووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە جگە لەوەش، کۆگاکانیان توانای ئهمباركردنی بڕی ٣ ههزار تۆن غازی شل-یان ههیه، کە ئەمەش بڕێکی پێویستی باشە بۆ کەمكردنەوەی قەیرانی غاز له ههر كاتێكدا.
له كۆنگره رۆژنامهوانییهكهدا، قادر سدیق گوتیشی: ''لە رووی دابینكردنی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەوە هیچ کێشەیەکمان نییە، تەنیا لە رووی ئەمنییەوە كێشهمان ههیه کە ئێستا حکوومەت لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی كێشهكه''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هۆکاری نەهاتنی غاز بۆ هەولێر پەیوەندی بە ململانێی ناوخۆی یەکێتیەوە هەیە؟ ناوبراو گوتی: ''کۆمپانیاکەمان بە هیچ شێوەیەک تێوەنهگلاوە بە کاری حیزبییەوە، ئێمە لەگەڵ هیچ حیزبێکدا کێشەمان نییە و هیچ کەس و لایەنێکیش نەهاتووهتە سەر رێگەمان. ئێمە کۆمپانیاکەمان بە هی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەزانین، هەر لە خانەقینەوە تا زاخۆ،هیچ پەیوەندیەکمان بە ململانێی سیاسیەوە نییە، ئێمە وەک کۆمپانیا تەنیا سەرقاڵی بازرگانین نەک سیاسەت. هەموو لایەنەکان بە یەک چاو سەیر دەکەین''.
سەبارەت بە پرسیاری رۆژنامەنووسان کە ئایا ئەو شۆفێرانەی کار دەکەن بۆ گواستنەوەی غاز، خەڵکی ناوچەکە نین؟. بەڕێوەبەری کۆمپانیای رێگە پێدراوی سورگاز رایگەیاند كه، هەموو ئەو شۆفێرانەی کە پێشتر کاریان کردووە ئێستا هەمان ئهو شوفێرانهن لە کارگەی کۆرمۆر-ەوە سەرقاڵی شۆفێریی گواستنەوەی غاز دەبن و گوتیشی: ''کەسمان لەسەر کار لانهداوه، ئەمڕۆ ٥٠ تەنکەر غازی دیكهمان دروست کردووە لە خەڵکی ناوچەکە شۆفێرمان وەرگرتووهتەوە. ''
لەبارەی ئەرکی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی رێڕەوی گواستنەوەکان، ناوبراو گوتی: ''هێزە ئەمنییەکان زۆر بە باشی کارەکانی خۆیان، کاری پاراستنی ئەمنی، ئاسایشی گەرمیان و چەمچەماڵ، لە سلێمانی، هەموویان زۆر بە بوێرانە و ماندوونەناسانە، کاری پاراستنی ئەمنیان گرتووهتە ئەستۆ''.
ههر له كۆنگره رۆژنامهوانییهكهدا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سورگاز رێباز شێخ سدیق لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان سکاڵایان تۆمار نەکردووە و گوتی: ''تەقە لە شۆفێرەکان دەکرێت، هەڕەشە لە کارمەندەکانمان دەکرێت لەلایەن کەسانی نادیارەوە، بۆیە ئەوەی کە گومانمان لێی هەیە، ئەوەیە کە تەنیا چەند گرووپێکن دروست بوون، ئەو کارانە ئەنجام دەدەن، دواتر کاری لەسەر دەکەین''.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە کۆمپانیای سورگاز بەنیازە، نرخی غازی شل بکاتە ٩ هەزار دینار، بۆیە کێشە و قەیرانی غاز دروست بووە، رێباز شێخ سدیق گوتی: ''لەماوەی ٧٢ كاتژمێری داهاتوودا ئەگەر هیچ کێشەیەکی ئەمنیی نەیەتە رێگەمان، وەکو پێشوو لە کوچە و کۆڵانەکان غازی شل دەگەڕێن و دەست دەکەنەوە بە دابەشکردن و بەهیچ شێوەیەک نرخی غاز گۆڕانکاری بەسەردا نایەت''.