Hemin Hüseyin
13 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2017
هەولێر - AA
لە شارەدێی حەمام عەلیل چەند کانیاوێک هەیە کە ئاوێکی سروشتی لێ هەڵدەقوڵێت و بڕێک ماددەی گۆگردی لە گەڵدایە و لە کۆنەوەشەوە ئەو ئاوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست و رۆماتیزم و چەندین نەخۆشی دیکە خەڵک سوودی لێی بینیووە.
یەکێک لە کانیاوەکان دەڕژێتە ناو حەوزێک کە قوڵاییەکەی کەمترە لە دوو مەتر و تیرەکەشی نزیکەی ١٠ مەتر دەبێت و لە ناوەڕاستی هۆڵێکی گەورەدا هەڵکەوتووە.
لە دەورووبەری حەوزەکە چەند چاڵێک هەیە کە قوڵاییان زیاتر لە دوو مەتر دەبێت و ئاوەکە لە رێگای بۆڕی بەسەر ژمارەیەک ژووردا دابەشکراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە تاکە کەسی خۆیانی تێدا بشۆن چونکە هەرکەس بیەوێت لە حەوزەکەدا بمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی، ئەوا پێویستە پێشتر چەند هەنگاوێک جێبەجێ بکات.
هەنگاوی یەکەم بریتییە لە کڕینی ئەو خۆڵەی کە لە سەرچاوەی ئاوەکە هێناویانە و لە دۆخی شلیدایە و بە گۆگرد ناوی دەبەن و هاووڵاتییان بەو خۆڵە تەواوی جەستەی خۆیان سواخ دەدەن و نیو کاتژمێر بەو شێوەیە دەمێننەوە و لە هەنگاوی دووەمدا لەناو چاڵەکەدا خۆیان دەشۆن و دواتر دەچنە ناو حەوزەکە بۆ ئەوەی راستەوخۆ ئەو ئاوەیان بەربکەوێت کە لە کانیاوەکەدا هەڵدەقوڵێت.
بەپێی قسەی ئەو کەسەی کە لە دەرگای گەرماوەکە، بڕی هەزار دینار لە هەرکەسێک وەردەگرێت لەبەرامبەر چوونە ژوورەوە، رۆژانە ٢٥٠ کەس روو لە گەرماوەکە دەکەن و لە رۆژانی هەینیش ژمارەکە بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی ٥٠٠ کەس.
ئەوانەی لە گەرماوەکەدا بوون خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراق بوون و یەکێکیان هاووڵاتییەکی خەڵکی پارێزگای نەجەف بوو کە بۆ خزمەتی سەربازی لە ناوچەکە بوو، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو یەکەمجارە دێتە ئەو گەرماوە و ئامانجیش لە هاتنی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییەیە کە لە پێستیدا پەیدابووە.
هاووڵاتی سەعد غالب خەڵکی شاری نەجەف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من بۆ چارەسەری نەخۆشی پێست هاتوومەتە ئەو گەرماوە و پێیان گوتوومە کە ئەو ئاوە زۆر بە سوودە و منیش ئێستا جەستەی خۆمم بە خۆڵ و گۆگرد سواخ داوە و دواتر بە ئاوی گەرم خۆم دەشۆم و دڵنیام سوودی لێ وەردەگرم".
یەکێکی دیکە لەو هاووڵاتییانەی کە لەناو حەوزی ئاوەکەدا بوون، کەسێی خەڵکی گوندی بەڕەیە لە نزیک ئەو ناوچەیە و پیشەی جووتیارە و بەهۆی تووشبوونی بە جۆرە نەخۆشییەکی پێست رووی لە حەمام عەلیل کردووە.
هاووڵاتی عەبدوڵڵا فازڵ نەواف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێرە مێژوویەکی کۆنی هەیە و مانگانە من نزیکەی حەوت جار دێمە ئێرە و بۆ چارەسەری جومگەکان زۆر سوودی لێ وەردەگرم و ئەو گەرماوە دوو وەرز هەیە کە پایز و بەهارە و لەو دوو وەرزەدا هاووڵاتییەکی زۆر لە شارەکانی دیکەی عێراق رووی تێدەکەن".
پێش پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچەی حەمام عەلیل، ئەو ناوچەیە دوو گەرماوی تێدابوو کە یەکێکیان بۆ ئافرەتان و یەکێکیان بۆ پیاوان بەکاردەهات بەڵام لەگەڵ پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ ئەو شارەدێیە ئەوا گەرماوەکەی تایبەت بە ئافرەتان تێکدرا و لە ئێستاشدا تەنیا گەرماوەکەی پیاوان کار دەکات.
شارەدێی حەمام عەلیل بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری مووسڵ و دوای داگیرکردنی لەلایەن تیرۆریستانی داعش بۆ ماوەی دووساڵ لە رۆژی ٥/١١/٢٠١٦ لەلایەن هێزە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵکرایەوە.