ژيان

دهۆک.. بەهۆى لافاو دووكەس گیانیان لەدەستدا و زیان بەسەدان خانوو و ئۆتۆمبێل كەوت

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە سنووری پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 400 ماڵ و 61 ئۆتۆمبێل و سەدان دووکان زیانیان بەرکەوت و دوو هاووڵاتیش گیانیان لەدەستدا.

20.03.2020 - نوێکردنەوە : 21.03.2020
دهۆک.. بەهۆى لافاو دووكەس گیانیان لەدەستدا و زیان بەسەدان خانوو و ئۆتۆمبێل كەوت

Dahuk

دهۆک - AA

بەهۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕەی شەوی رابردوو سنووری پارێزگای دهۆکی گرتەوە، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بەم هۆیەشەوە زیانێکی زۆری بە ماڵ و دووکان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کەوت.

بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەرگرى شارستانى دهۆک، بێوار عەبدولعەزیز لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئەنجامى ئەو لافاوەدا دووكەس گیانیان لەدەستدا کە یەكێكیان بەهۆی هەورە تریشقە و کەسەکەی دیکەش كەوتووەتە ناوى رووبارى خاپوور لەشارى زاخو".

بێوار عەبدولعەزیر لەبارەی ئەو زیانە ماددیانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە کەوتوونەتەوە، گوتی: "هەر بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە پێنج پرد رووخاون و زیان گەیشتووەتە نزیكەى 400 خانوو، 100 دووكان و تێكشكانى 61 ئۆتۆمبێل، هەروەها ژمارەیەک ئاژەڵیش لە ناوچەى ئاكرێ ژێر ئاو کەوتن".

بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەرگرى شارستانى دهۆک راشیگەیاند، لە ئێستادا تیمەكانى تایبەت كار دەكەن بۆ لابردنی پاشماوەکانى لافاوەكە و تیمەكانى بەرگرى شارستانی، شارەوانى و پۆلیس لە ئامادەباشیدان بو هەر ئەگەرێكى نەخوازراو.

چالاکوان هێرش رەشید لەبارەی زیانەکانی لافاوەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئەنجامى ئەو لافاوە چەند خانوویەک بەیەكجارى رووخاون و خاوەنەکانیان لە رەوشێكى زۆر نالەباردان و پێویستیان بەهاوكارى مرۆیى هەیە".

هێرش رەشید داوای لە سەرمایەدار، رێكخراو و دەزگاكانى خێرخوازى كرد یارمەتى زیانلێكەوتووان بدەن.

لەلایەكى دیکەوە سەرۆكى هەرێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانى به‌دواداچوونى بۆ دۆخى لێقه‌وماوان و مه‌زه‌نده‌ى زيانه‌كان و كاره‌كانى به‌هاناوه‌چوون و چۆنيه‌تيى هاوكاريكردن و يارمه‌تيدانى لێقه‌وماوان و زيانمه‌ندانی سنووری پارێزگای دهۆکی كرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ پارێزگای دهۆک، فەرهاد ئەترووشی پشتگيرى بۆ كارى داموده‌زگا په‌يوه‌نداره‌كان بۆ به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان دووپات كردووەته‌وه‌ و بڕياریداوە وه‌ک هاوكارييه‌كى به‌په‌له‌ى به‌هاناوه‌چوون، بڕى يه‌ك مليار دينار له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، پێشكه‌ش به‌ ئيداره‌ى پارێزگاى دهۆک بكرێت.

هاوکات بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سبەی شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد سەردانی پارێزگای دھۆک دەکات.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، بڕی دوو ملیار دینار وەک یارمەتی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە دهۆک و زاخۆ خەرج دەکرێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın