Zana Natık Kerem
10 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر - AA
وەزارەتی دەرامەتەکانی ئاو لە عێراق رایگەیاند، بەھۆی بارانبارینەوە زۆنگاوەکانی پارێزگای میسان باشووری وڵاتە کە ماوەی چەند ساڵێک بوو رووبەڕووی وشکەساڵی بووبوونەوە، ژیاونەتەوە.
وەزارەتی دەرامەتەکانی ئاو لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەشێک لە ئاوی بارانبارینەکەی ئەم دواییە رژاوەتە زۆنگاوی حوێزە کە ئەوەیش زۆنگاوەکانی پارێزگای میسانی ژیاندووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە سوود لە ئاوی بارانبارین وەرگیراوە و ئاو گواستراوەتەوە بۆ زۆنگاوی حوێزە لەڕێگای دەروازەکانی (حوسیجی، ئوم توس و زوبێر) کە ئەوەیش ئاستی ئاوی زۆنگاوەکە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە.
باسی لەوەشکردووە کە بارانبارینەکەی ئەم دواییە، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژینگە و زیندەوران لە زۆنگاوەکانی میسان دروست کردووە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو، بەھۆی بارانبارینەکەی ئەم چەند رۆژی رابردوو، رەوشی ئابووریی دانیشتوانی زۆنگاوەکانی باشووری عێراق کە بۆ بەدەستھێنانی داھات، پشت بە راوکردن و ئاژەڵداریی دەبەستن، باشبووە.
وەزارەتی دەرامەتەکانی ئاو راشیگەیاندووە کە کار دەکەن، بۆ ئەوەی سوود لە ئاوی بارانبارین وەربگرن، ئەوەیش بە ئامانجی زیادکردنی ئاستی ئاوی زۆنگاوەکان کە لە میانی ساڵانی رابردوودا، رووبەڕووی وشکەساڵی بووبوونەوە.