Hawkar Yaseen
11 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
هەولێر AA
وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید نوێترین زانیاری لەسەر دۆخی خوێندنگاکان لەدوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنای تیاندا خستە روو.
ئالان حەمە سەعید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "نزیکەی دوو ملیۆن مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندکار گەڕاونەتەوە ناوەندەکانی خوێندن، بۆیە تۆمارکردنی حاڵەتی تووشبوون بەکۆڕۆنا ھەیە، بەڵام زۆر کەمە، ئێمە بەپشت بەستن بەھەڵسەنگاندنی تەندروستی دەرگای قوتابخانەکانمان کردۆتەوە، بەڵام بەم مانایە نا کەوا ڤایرۆسەکە نەماوە یان خەمسارد بین، بەڵکو جەخت لە بەکارھێنانی دەمامک، پاککرەوە و تێستی گەرمیپێو دەکەینەوە بۆ خوێندکاران، مامۆستا و فەرمانبەران لەکاتی پێویست".
وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "رۆژانە لە کوردستان حاڵەتی تووشبوون تۆمار دەکرێت، بۆیە ناوەندەکانی خوێندن بەدەرنابن لەو حاڵەتانە، داوا دەکەم میدیاکان زەمینەسازیەکی وەھا نەکەن بۆ ئەوەی ئێمە دەستمان بەپڕۆسەی خوێندن کردۆتەوە قوتابخانەیەک بەئامانج بگیرێت یان ژمارەیەک خوێندکار تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئێمە تەمەننای ئەوە دەکەین ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون نەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناو کۆمەڵگا ھەیە، تووشبوون ئەگەرێکی کراوەیە و حاڵەتیش تۆمارکراوە، بەڵام زۆر کەمە".
ئالان حەمەسەعید گوتیشی: "یەک ملیۆن و ٧١٥ ھەزار خوێندکار لە کەرتی حکومی هەیە و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار خوێندکاریش لە قوتابخانەکانی ناحکومی دەخوێنن، ١٣٠ ھەزار مامۆستای میلاک و ٣٠ ھەزار فەرمانبەر و وانەبێژمان هەیە، بۆیە دەبێت رەچاوی خۆپارێزی بکرێت بۆئەوەی بتوانین پرۆسەکە بەردەوام بێت، بۆیە داوادەکەم بەوریایی مامەڵە بکەن و داواشمان کردووە لە شارەکاندا چەند بنکەیەک دابنرێت بۆ پشکنینی مامۆستا و خوێندکاران بەخۆڕایی".
وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید دەربارەی مووچە و شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ گوتی: "شایستەیەکی دارایی بڕاوەیان بۆ دابینکراوە، سەرۆکی حکوومەتیش رەزامەندی لەسەرداوە و رەزامەندی وەزارەتی داراییش وەرگیراوە و ھەفتەی داهاتوو شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەکرێت".