Heman Hussein Yaseen
24 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2021
هەولێر - AA
دوای ئەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی دەرگای قوتابخانەکانی دا تا دوای جەژنی نەورۆز، بەڵام لە ئیستادا بەھۆی ھەڵکشانی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان پێیوایە لەم قۆناغەی ئێستادا پێویستە دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی بمێننەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان، عەبدولسەلام دۆلەمەڕی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی رایگەیاند: ''لەم قۆناغەدا بەھۆی راپۆڕتە تەندروستییەکان و ھەڵکشانی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و، لەسەر بنەمای ئەو راپۆڕتەش بڕیار دەدرێت، ئێمەش پێمان وایە دەرگای قوتابخانەکان تەنھا بۆ پۆلی ١٢ کراوە دەبن و پۆلەکانی دیکە لە یەکی سەرەتایی تا ١١ی ئامادەیی دەرگاکانییان بەداخراوی دەمێننەوە و پشووەکە درێژ دەکرێتەوە تاوەکو لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبنەوە و بڕیاری دیکە دەدەن".
رۆژی ١٠ی ئاداری ٢٠٢١ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیاییدا چەند بڕیارێکیان لەبەیانی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٢١ دا دەرکرد و، ئەوەی تایبەت بوو بە پشووی خوێندن بریتیی بوو لە: "قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکان قۆناغی یەکی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی، ئەو قۆناغانەی تاقیکردنەوەی ٢٠ نمرەی نووسینەکیان ئەنجامداوە، پشوو وەردەگرن تا ٢٥ ی ئادار، ئەو قۆناغەی ئێستا لە تاقیکردنەوەی ٢٠ نمرەی نووسینەکین، تەنھا بۆ تاقیکردنەوە دەچنەوە قوتابخانە، ئەو قوتابخانانەی تاقیکردنەوەی ٢٠ نمرەییان ئەنجام نەداوە، پێش جەژنی نەورۆز ئەنجامی نادەن بۆیان دەبێتە پشوو دەتوانن خشتەی تاقیکردنەوە بۆ پاش نەورۆز دابنێن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١١٦ ھەزار و ٢٩٥ کەس و، سێ ھەزار و ٦١٠ کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانییان لەدەستداوە.