پەروەردەیی

وەزیری پەروەردە: "پێویستمان بە ١،٥ ملیار دۆلار ھەیە"

ـ وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق: "بۆ ئەوەی ژێرخانێکی باشی پەروەردەییمان ھەبێت پێویستمان بە زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ھەیە تاوەکو بتوانین خوێندنگەکانمان ژینگەیەکی باشتر بێت بۆ پێگەیاندنی قوتابیان".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 30.04.2019 - نوێکردنەوە : 01.05.2019
وەزیری پەروەردە: "پێویستمان بە ١،٥ ملیار دۆلار ھەیە"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق رایگەیاند کە پێویستییان بە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ دامەزراندنی ژێرخانێکی پەروەردەیی باش لە ھەرێمی کوردستان.

پشتیوان سادق دوای سەردانێکی بۆ شاری سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار، ھەڤاڵ ئەبوبەکر و پێشکەشکردنی خەڵاتی رێزلێنان بە چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە دەستیان ھەبووە لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی خوێندنگەکاندا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رابردوودا زۆری بۆ پەروەردە کردووە، بە نموونە لە ساڵی ١٩٩١ لە ھەرێم کەمتر لە ھەزار خوێندنگە و کەمتر لە ٢٠ ھەزار مامۆستامان ھەبووە، بەڵام ئێستا زیاتر لە پێنج ھەزار و ٥٠٠ خوێندنگە و زیاتر لە ١٨٠ ھەزار مامۆستا و فەرمانبەرمان ھەیە".

ئەو ھەروەھا گوتی: "ماوەی چوار ساڵی رابردوو بە ھۆی قەیرانی داراییەوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەرتی پەروەردە ھەبووە، بە نموونە تەنھا ئەمساڵ ١٦٨ ھەزار منداڵ ھاتووەتە پۆلی یەکی بنەڕەتی، تەنھا بۆ ئەو منداڵانە پێویستمان بە زیاتر لە پێنج ھەزار ژوور ھەیە کە زیاتر لە ٤١٠ باڵەخانە دەکات، بەڵام سێ ساڵە وەک پێویست باڵەخانە دروست نەکراوە، بۆیە ئێستا بۆ ئەوەی ژێرخانێکی باشی پەروەردەییمان ھەبێت پێویستمان بە زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ھەیە تاوەکو بتوانین خوێندنگەکانمان ژینگەیەکی باشتر بێت بۆ پێگەیاندنی قوتابیان".

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامن لە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و تا ئێستا لە کۆی ٤٠ بەڕێوەبەر ٣٠ بەڕێوەبەریان گۆڕدراون.

پشتیوان سادق ئەوەشی گوت "ھەرکات کێشەی بوودجەی ھەرێم نەما ئەوکات کێشەی گرێبەستەکان بە کۆتا دێن و دەکرێنە ھەمیشەیی، ئەوەش رەنگە بکەوێتە کابینەی داھاتووی حکوومەتەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın