ھەولێر
بەڕێوەبەری ناحییەی عەنكاوە دەڵێ ئەمڕۆ یەكەم رۆژی ناونووسكردنە و یەك ھەفتە بەردەوام دەبێ، پێشبینیش دەكات سێ تا چوار ھەزار خۆبەخش بیانەوێ پەیوەندیی بەھێزەكانی پێشمەرگەوە بكەن.
بەڕێوەبەری ناحییەی عەنكاوە جەلال حەبیب لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرایكرد ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی ھەرێمەوە ئاگاداركراونەتەوە دەست بە ناونووسكردنی ئەو گەنجە مەسیحییانە بكەن كە دەیانەوێ وەكو خۆبەخش پەیوەندیی بە فەوجێكی وەزارەتی پێشمەرگەوە بكەن.
حەبیب گوتیشی" ئەمڕۆ ئەو ناونووسكردنە دەست پێدەكات و یەك ھەفتە بەردەوام دەبێ."
لەبارەی وردەكاریی ھێزەكەوە بەڕێوەبەری ناحییەی عەنكاوە گوتی:" ھێزەكە تایبەت دەبێ بە رۆڵەكانی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری و لەپێشترێتی بۆ پەیوەندییكردن بۆ ئاوارەكان دەبێ ئەوانەی خەڵكی شوێنەكانی دەورەبەری موسڵن و لەھەرێمی كوردستانن، ھێزەكە سەرجەم پێداویستی و كەلوپەلە سەربازییەكانیشیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ دابین دەكرێ و مەشقیان پێدەكرێ."
جەلال حەبیب كە دروستكردنی وەھا ھێزێكی لەچوارچێوەی ھێزەكانی پێشمەرگە ھاوشێوەی مەسیحییەكان بۆ پیكھاتەكانی دیكەی ھەرێمیش بە پێویست زانی گوتی، دروستكردنی ئەو ھێزە لەسەر داوای ئەوان و لایەنە سیاسییە مەسیحییەكان و كڵێسا و خەڵكی مەسیحی بووە.
لەبارەی ئەركی ئەو ھێزەشی كە دروست دەكرێ جەلال حەبیب باسی لەوەكرد كە بۆ رزگاركردنی ئەو ناوچە مەسیحی نشینیانەی سەر بە پارێزگای موسڵ و بەرگریكردن لە خەڵكی ئەو ناوچەیە دەبێ.
گوتیشی:" ھێزەكانی پێشمەرگە بۆ رزگاكردن و پاراستنی ناوچە مەسیحی نشینەكانی سەر بە پارێزگای موسڵ پێویستی بە خەڵكی ناوچەكە ھەیە، چونكە ئەوان شارەزاییان زیاتر لەسەر ناوچەكانی خۆیان ھەیە و خەڵكی ئەو شوێنە باشتر دەناسن و ئەو تیرۆریستانەی پەیوەندییان بە رێكخراوی داعشەوە كردووە و تاوانییان ئەنجامداوە لە دانیشتوانی ئەو شوێنانە دەناسنەوە و پێویستە ئەوان بەشداربن لە ئازادكردنی ناوچەكانییان و بەسزا گەیاندنی ئەو خەڵكانەی زیانیان بە مەسیحییەكان گەیاندووە."
ئەوەشی روونكردەوە كە"پێش داواكەی وەزارەتی پێشمەرگە رۆژانە چەندین گەنج پەیوەندییان پێوەكردوون و ئامادەیی خۆیان بۆ پەیوەندییكردن بەھێزەكانی پێشمەرگەوە وەكو خۆبەخش نیشانداوە."
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی دروستكردنی فەوجی سەربازی بۆ مەسیحییەكانی ناوچەكانی پارێزگای موسڵ ئەوانەی لە ھەرێم نیشتەجێن گوتی:" بیرۆكەی دروستكردنی چەند فەوجێكی خۆبەخشی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە كەمە نەتەوایەتییەكان ھەیە، بەڵام ھێشتا بەتەواوەتی بڕیاری لێنەدراوە."
یاوەر روونیشی كردەوە:"وەزارەتی پێشمەرگە بیرۆكەی ھەیە ژمارە فەوجێك لەو شوێنانەی كە بۆشایی دەبێ بۆ كەمە نەتەوایەتی و ئاینییەكانی ناوچەكانی سەر بە پارێزگای موسڵ لە ئێزیدی و مەسیحییەكان دروست بكات بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان بەرگریی لەخۆیان بكەن."
لەبارەی وردەكاریی فەوجەكانیشەوە كە بەپێی قسەكانی یاوەر ھێشتا نەچووەتە واری جێبەجێكردنەوە و بەتەنھا بیرۆكەیە، گوتی" بیرۆكەكە وایە لەو شوێنانەی مەسیحی نشینن فەوجێك لە مەسیحییەكان دروست بكرێ، لەو ناوچانەی ئێزیدی نشینن فەوجێكی ئێزدییەكان دروست بكرێ، ئەو فەوجانەش بەسیستەمی خۆبەخش و بەپێی مەرجەكان دەبێ."
بەڕێوەبەری ناحییەی عەنكاوە جەلال حەبیب لەبارەی ئەو مەرجانەی كە پێویستن لە خۆبەخشەكان ھەبن بۆ وەرگرتنییان لەو ھێزەی بۆ مەسیحییەكان دروست دەكرێ روونی كردەوە دەبێ تەمەنی لەنێوان ١٨ تا ٣٥ ساڵ بێ، دەبێ گونجاوبێ لەرووی سەربازییەوە، لەگەڵ چەند بەڵگەنامەیەكی فەرمی.
ناحییەی عەنكاوە سەر بە پارێزگای ھەولێرە و نزیكەی ٤٠ ھەزار ئاوارەی لە مەسیحییەكانی دەوروبەری پارێزگای موسڵی تێدایە كە حەوت ھەزار و ٥٠٠ خێزان دەبن لە ٢٥ سەنتەری شارۆچكەكە و ١١ قوتابخانە و چەند كڵێسا و باخچەیەك جێگیركراون.