Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2016
سلێمانی - AA
زانكۆی سلێمانی یەكێكە لە زانكۆ گەورە و دیارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم زانكۆیە کە خاوەنی هەشت فاکەڵتی، دوو كۆلێژ، دوو هەزار مامۆستا و 26 هەزار خوێندكارە ، بەهۆی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچە و بایكۆتی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە ، ماوەی دوو مانگە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لەم زانكۆیە راگیراوە و ئەوەی هەیە تەنها چەند كۆلێژێكی كەمی زانكۆكە دەوام دەكەن و لەناو زانكۆشدا ژمارەیەكی كەمی خوێندكاران بەدی دەكرێن.
لەماوەی ئەو دوو مانگەدا بەردەوام مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆكە لە بەردەم دەروازەی سەرەكی زانكۆ چالاكی و گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی دواكەوتنی مووچە و سیستەمی پاشەكەوتی مووچە ئەنجام دەدەن و مكوڕبوونی خۆیان لەسەر بەردەوامی بایكۆت دووپات دەكەنەوە.
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی لە دواین كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا گفتوگۆی كرد لەسەر چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە زانكۆكەدا، دواتر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، ئاراس زەینەڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و لە بارەی دەستپێكردنەوەی دەوامی زانكۆكەوە رایگەیاند: "لە زۆربەی كۆلێژ و بەشەكانی زانكۆی سلێمانی دەوام دەستی پێكردووە و لە هەندێكیش دەستی پێنەكردووەتەوە، وەك ئاگادارن كۆلێژە پزیشكییەكان، ئەندازیاری، پەروەردە، یاسا و رامیاری و زانستە ئیسلامییەكان، ئەمڕۆش زمان و چەند كۆلێژێكی دیکە بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوامیان داوە و هەندێكیشیان لەسەر بایكۆت بەردەوامن".
لەلای خۆیانەوە خوێندكارانی زانكۆكە تائێستا لە چاوەڕوانی دواین هەڵوێستی مامۆستاكانیان و كردنەوەی دەرگای هۆڵەكانی خوێندندان ، ئەمڕۆش نوێنەرانی خوێندكارانی بەشە جیاجیاكانی زانكۆی سلێمانی لە نزیك سەرۆكایەتی زانكۆ كۆبوونەوە و یاداشتێكیان ئاراستەی خوێندكاران و مامۆستایان و كارمەندانی زانكۆ كرد.
نوێنەری خوێندكارانی سلێمانی، بڕیار رەشید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەقی یاداشتەكەی خوێندەوە و نیگەرانی خوێندكارانی راگەیاند بەرامبەر بەردەوامی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان و چارەسەرنەكردنیاندا.
ئەو گوتی: "زۆر نیگەرانین كە گەیشتویەنەتە وەها دۆخێكەوە كە خەمی گەورەمان لەدەستدانی ساڵێكی خوێندن بێت لە بری ئەوەی خەممان بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن و دروستكردنی پەیوەندی پتەوی خوێندكارانی كوردستان و دەرەوەی وڵات بێت".
نوێنەرەكەی خوێندكارانی زانكۆ ئەوەشی گوت: "زۆر بەداخین كە ئەم پەیامە مەترسیدارەمان بۆ خوێندكاران و زانست دۆستان پێیە كە چیتر دەرفەت نەماوە و هیچی دیکە ناتوانین چاوەڕێ بكەین تاوەكو حكوومەت كێشەی دایك و باوك و خزم و هاوڕێكانمان چارەسەر بكات، چیتر ناتوانین چاوەڕێ بكەین تاوەكو دۆخەكە لەباربێت و پاشان بگەڕێینەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن".
وەك لە یاداشتەكەدا هاتووە ، نوێنەرایەتی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی داوایان كردووە هەرچی زووە سەرجەم خوێندكاران بگەڕێنەوە بۆ زانكۆ و هۆڵەكانی خوێندن و ئەوە نیشان بدەن كە بەهیچ شێوەیەك ئامادە نین ساڵێكی خوێندنیان بەفیڕۆ بچێت.
ئەوان پێشنیاریان كردووە بۆ چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكان داهاتی ناوخۆی زانكۆ بۆ زانكۆ بگەڕێتەوە و بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران خەرج بكرێت.
لە كۆتایی یاداشتەكەشدا نوێنەرایەتی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی خوازیاری ئەوەن خوێندكاران و مامۆستایان بەدەم داواكارییەكانیانەوە بێن و پێكەوە بتوانن فشارێكی جدی بۆ سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی دارایی دروست بكەن و پێكەوە داوای مافی هەمووان بكەن.