پەروەردەیی, عێراق

ئەزموونە گشتییەکانی قۆناغی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد

-لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، ١٢٤ هەزار و ٨٦٩ خوێندکار لە سەرجەم بەشەکان بەشداری ئەزموونەکان دەکەن و ١٦ هەزار و سێ مامۆستا و سەرپەرشتیار چاودێریی پرۆسەکە دەکەن، هەفتانە دوو ئەزموون ئەنجام دەدرێت و سەرجەم رێکارەکانی خۆپارێزی تەندروستیش گیراوەتە بەر.

Hawkar Yaseen  | 25.07.2021 - نوێکردنەوە : 25.07.2021
ئەزموونە گشتییەکانی قۆناغی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد

Arbil

هەولێر - AA

لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئەزموونە گشتییەکانی قۆناغی ئامادەیی دەستی پێ کرد و زیاتر لە ١٢٤ هەزار قوتابی تیایدا بەشدارن.

سەرلەبەیانی ئەمرۆ لەکاتی بەسەرکردنەوەی هۆڵەکانی ئەزموونەکاندا، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و رایگەیاند "ئەمڕۆ لەسەرانسەری کوردستان تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەستیان پێ کرد، ١٢٤ ھەزار و ٨٦٩ قوتابی بەسەرجەم بەشەکان تیایدا بەشدارن، تاقیکردنەوەکان لە دوو ھەزار و ٣٦٧ ھۆڵ بەڕێوەدەچن و ١٦ ھەزار و سێ مامۆستا و سەرپەرشتیار چاودێریی پرۆسەکە دەکەن".

گوتیشی: "لە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵدا، شەش ھەزار و ٩٣٤ قوتابی دەرەکیش بەشدارن، ئەوەی ئەمڕۆش دەستی پێ کرد، تاقیکردنەوەی خولی یەکەمە و ھەفتانە خوێندکاران دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن".

ئالان حەمە سەعید لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی و دابینکردنی پێداویستییەکان گوتی: "ھەماھەنگی لە ھەموو لایەنەکانەوە ئەنجام دراوە، لەڕووی دابینکردنی کارەبا و پێداویستییەکان و کەرەستەکانی خۆپارێزیی تەندروستی و هەر بابەتێکی دیکە کە پێویست بێت، ھەر قوتابییەکیش ئەگەر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، ئەوا دەتوانێت لە خولی دووەم تاقیکردنەوەکانی ئەنجام بدات، ئەگەر لە خولی دووەمیش قوتابی تووشی کۆرۆنا بوو وەک ئەوەی کە ساڵی رابردوو، ١٥٩ قوتابی لە خولی دووەم تووشی کۆرۆنا بوون، دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان خولی سێیەمیان بۆ ئەنجامدەدەین".

وەزیری پەروەردە گوتیشی: "ئەم پرۆسەیە کە لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و چاوەڕوان دەکرێت بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەبچێت، پرسیارەکان بەتەواوی پارێزراون و دابەش کراون، ئامادەکارییەکانیش وەک پێویست کراوە و بەرارورد بە ساڵانی رابردوو ئامێرەکانی فێنککەرەوە چوار بەرامبەر ئامادەکراوە و لە هۆڵەکاندا ھەیە".

ئالان حەمە سەعید لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنیش، رایگەیاند "پێنشنیازی ئیمە خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیش ھەماھەنگی کراوە بۆ پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی سەربە وەزارەتی پەروەردە و تەواوی مامۆستایان دەگرێتەوە و ڤاکسین بۆ هەموویان ئامادە دەکرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın