Zana Natık Kerem
11 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2022
ھەولێر – AA
لە دوایین یاری قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی جیھانیی ٢٠٢٢ لە قەتەر، ھەڵبژاردەی فەڕەنسا بە ئەنجامی ٢-١ لە ھەڵبژاردەی ئینگلتەرای بردەوە و گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی.
کاتژمێر١٠:٠٠ شەوی رابردوو، دوایین یاریی قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی جیھانیی لەنێوان ھەڵبژاردەی فەڕەنسا و ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە یاریگای "ئەل بەیت" ئەنجامدرا.
لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکە، یاریزانانی ھەردوو ھەڵبژاردە بەھێز دەرکەوتن و چەندین ھێرشیان بۆسەر گۆڵی یەکتر ئەنجام دا.
لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا و لە خولەکی ١٧دا، یاریزانی ھەڵبژاردەی فەڕەنسا، ئۆرلیێن چوامینی یەکەم گۆڵی تۆمار کرد و ھەڵبژاردەکەی پێشخست.
گێمی یەکەمی یارییەکەیش بە ئەنجامی ١-٠ لە بەرژەوەندی ھەڵبژاردەی فەڕەنسا کۆتایی ھات.
لە گێمی دووەمی یارییەکەدا و لە خولەکی ٥٤دا، یاریزانی ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ھاری کەین لەڕێگای لێدانی سزاوە، ئەنجامەکەی یەکسان کردووە، بەڵام یاریزانی ھەڵبژاردەی فەڕەنسا، ئۆلیڤیە جیرۆ لە خولەکی ٧٨دا، گۆڵی دووەمی تۆمار کرد.
دواتر لە خولەکی ٨٤دا، ناوبژیوان لێدانێکی دیکەی سزای بۆ ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا ھەژمار کرد، بەڵام یاریزان ھاری کەین لەدەستی دا و نەیتوانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
یارییەکەیش بە ئەنجامی ٢-١ لە بەرژەوەندی کەڵەشێرەکان کۆتایی ھات.
بەو ئەنجامەیش ھەڵبژاردەی فەڕەنسا خۆی گەیاندە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا-یش ماڵئاوایی کرد.
لە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، ھەڵبژاردەی فەڕەنسا و ھەڵبژاردەی مەغریب لە ١٤ی ئەم مانگە لە یاریگای "ئەل بەیت" رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.