جيهان, وەرزش

راھێنانی منداڵانی کیۆکۆشین کاراتێ لەناو بەفردا

ـ منداڵانی فێرگەی کیۆکۆشین کاراتێ لە قەزای پێنجوێن لە وەرزی سەرماوسۆڵەی زستاندا و لەناو بەفری چیاکانی ناوچەکەدا، راھێنان و مەشقی خۆیان ئەنجام دەدەن بۆ بەھێزترکردنی زیاتری بەرگری لەشیان و ئامادەکردنیان بۆ بەشداریکردن لە ھەر پاڵەوانێتییەک.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 22.01.2019 - نوێکردنەوە : 27.01.2019
راھێنانی منداڵانی کیۆکۆشین کاراتێ لەناو بەفردا

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

فێرگەی کیۆکۆشین کاراتێ لە قەزای پێنجوێن (بەدووری ٩٦ کلم باکووری رۆژھەڵاتی سلێمانی) یەکێکە لە فێرگە دیارەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاری کیۆکۆشین کاراتێ و تا ئێستا بەشداری چەندین پێشبڕکێی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە کردووە و چەندین دەستکەوتی بەدەستھێناوە.

ئەم فێرگەیە دەیان یاریزانی لە ئاستە جیاجیاکان ھەیە و بەپێی وەرزەکان مەشق و راھێنانەکانی خۆیان لەناو ھۆڵەکان بۆ دەرەوەی ھۆڵەکان دەگوازنەوە، لەئێستادا کە ناوچەکە بەفرێکی زۆری تێدا باریوە و نزیکەی ٣٠ سنتم بەفر لە شاخەکانی پێنجوێن باریوە، منداڵانی فێرگەکە لەناو بەفری چیاکاندا مەشق و راھێنان ئەنجام دەدەن.

راھێنەری کیۆکۆشین کاراتێ لە پێنجوێن، دانا عوسمان ئەحمەد لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "فێرگەکەمان لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە قەزای پێنجوێن دامەزراوە و مەشق و راھێنانەکانی خۆمان بە شێوەیەکی فراوان ئەنجام دەدەین و نزیکەی ٨٠ یاریزانمان ھەیە، تا ئێستاش بەشداری چەند پاڵەوانێتییەکمان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە کردووە و ئەنجامی باشمان بەدەستھێناوە".


دانا عوسمان ھەروەھا گوتی: "یاری کیۆکۆشین بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵی ٢٠١٢ەوە بەرەو ھەڵکشان دەڕوات و ئێمەش لەو بوارەدا پێشکەوتنی باشمان بەدەستھێناوە".

ئەو لە بارەی گواستنەوەی شوێنی مەشق و راھێنانەکانیان بۆ ناو بەفر و لەسەر چیاکان گوتی: "لەناو پێنجوێن فێرگەیەکی جێگریمان ھەیە کە مەشق و راھێنانی خۆمانی تێدا ساز دەکەین، بەڵام بەپێی وەرزەکان مەشق و راھێنانەکانمان دەگوازینەوە بۆ دەرەوە بە مەبەستی پێشخستنی ئاستی فێرخوازەکانمان و ئامادەکردنیان لە رووی جەستەییەوە بۆ ھەر پاڵەوانێتییەک لە ناوخۆی ھەرێم یان ھەر وڵاتێکی دەرەوە".

ئەو منداڵانەی بەشداربوون لە مەشق و راھێنانی ناو بەفردا، تەمەنیان لە شەش تا ١٨ ساڵانە و لە ھەردوو رەگەزن، سەناریا سامان تەمەن ١٢ ساڵان کە یەکێکە لە کچە بەشداربووەکانی فێرگەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من ماوەی شەش مانگە بەردەوامم لەم یارییە و پەرە بە تواناکانی خۆمان و ناساندنی ئەم جۆرە وەرزشە بە وڵاتانی دونیا و ناساندنی پێنجوێن بە دەرەوە دەدەین، تا ئێستاش لە چەند پاڵەوانێتییەک لەسەر ئاستی عێراق بەشداریمانکردووە و داوا دەکەین زیاتر پەرە بە توانا و ئاستمان بدرێت".

ئەو باسی لەوەش کرد، ئەنجامدانی مەشق و راھێنانەکانیان لە دەرەوەی ھۆڵەکان و لەناو بەفر و سەرماوسۆڵەی ناوچەکەدا لە رووی جەستەییەوە زیاتر رایان دەھێنێت و ئامادەیان دەکات بۆ بەشداریکردن لە ھەر پێشبڕکێ و پاڵەوانێتییەک لە دەرەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın