هەوالي كۆمپانیەکان, archive, archive, archive

هەڵسەنگاندنی ئانادۆڵو لە لایەن ئابونەدارەكانییەوە

بەشێك لە ئابونەدارانی ئاژانسی ئانادۆڵو هەڵسەنگاندن بۆ كاركردنی ساڵێكی بەشی زمانی کوردی ئاژانسی ئانادۆڵو دەكەن و تێبینی و سەرنجەكانی خۆیان لەسەر ئەو بەشە دەخەنەڕوو.

01.09.2014 - نوێکردنەوە : 01.09.2014
هەڵسەنگاندنی ئانادۆڵو لە لایەن ئابونەدارەكانییەوە

سلێمانی

بەر لە ساڵێك بەشی زاراوەی سۆرانی زمانی كوردی لە ئاژانسی ئانادۆڵو كرایەوە ،لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە رێگەی پەیامنێرەكانییەوە هەواڵ و راپۆرت و وێنە و بەدواداچوونی لە شار و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بڵاوكردووەتەوە، كە جێگەی سەرنجی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكان بووە.

بەشێك لە كەناڵ و دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان كە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵون، هەڵسەنگاندن بۆ كار و هەواڵەكانی ساڵی یەكەمی بەشی زاراوەی سۆرانی زمانی كوردی ئانادۆڵو دەكەن و سەرنج و پێشنیارەكانی خۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاژانسەكە دەخەنەڕوو.

بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانیی پەیام فاروق عەلی گوتی: "تا ئەندازەیەكی زۆر لە كار و هەواڵەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو رازین و بە شێوەیەكی زۆر باش توانیویانە روماڵی هەواڵەكان بە شێوەیەكی سەركەوتووانە بكەن و سەرنجی كەناڵەكانی راگەیاندن بە گشتیی و پەیام بە تایبەتی تاکێشن."

فاروق عەلی لەبارەی گرفتەكانەوە گوتی: "گرفتمان كەمی وێنە و ڤیدیۆی هەواڵەكانە بە بەراورد بەو هەواڵانەی رۆژانە لە ئاژانسەكە بڵاودەبنەوە، هەروەها هەندێك جار وێنە و ڤیدیۆی هەواڵەكان دوا دەكەون."

بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانیی پەیام داوای لە بەرپرسانی ئاژانسی ئانادۆڵو كرد بە لابردنی لۆگۆی ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەر وێنە ڤیدیۆییەكان.

كەناڵی NRT كە وەك كەناڵێكی ئاسمانیی و رادیۆ و ماڵپەڕێكی هەواڵی، سوود لە هەواڵەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو دەبینن و ئابونەدارێكی ئاژانسەکەن، لە زاری جێگری بەڕێوەبەری كەناڵەكەوە هەڵسەنگاندنی بۆ كارەكانی ساڵێكی ئانادۆڵو كرد، ئاوات عەلی گوتی: "لە ماوەی ساڵێكدا AA كەم تا زۆر لەناو میدیای كوردیدا جێگەی خۆی كردووەتەوە، ئەو بابەتانەی لە ئاژانسەكە بڵاودەكرێنەوە جێگەی سەرنجە و جارێكی دیکە زۆربەی میدیای كوردی بڵاوی دەكاتەوە."

ئاوات عەلی تێبینی و پێشنیاری خۆی بۆ ئانادۆڵو لە ساڵی نوێی كاركردندا خستەڕوو و گوتی: "ئانادۆڵو تا ئێستا نەیتوانیوە هاوشێوەی ئاژانسەكانی دیکە هەواڵە جیهانییەكان لە بەشە كوردییەكەدا بڵاوبكاتەوە و ئەو هەواڵانەی بڵاودەكرێنەوە زیاتر هەواڵی ناوخۆی توركیایە."

ئەو داوایكرد زیاتر گرنگی بە هەواڵی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بدرێ‌ و جیاواز لە راگەیاندنەكانی دیکە، گرنگی بە بابەتی لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانی و هەواڵی تایبەت بدا و كەمتر خۆی لە قەرەی هەواڵی رۆتین و كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان بدا.

سەرنوسەری ماڵپەری خەڵك عەدنان سەید حوسێن وەك یەكێكی دیکە لە ئابونەدارەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە شاری سلێمانی، لە بارەی AAەوە دوا و گوتی: "ئانادۆڵو هەنگاوێكی باشە بۆ هەرێمی كوردستان و لە رێگەی ئەو تۆڕە بەرفراوانەی لە جیهاندا هەیەتی هەواڵەكانی هەرێم دەگەیەنێتە وڵاتانی دیکەی دونیا و زیاتر گرنگی بەخۆوە دەبینێ‌."

سەید حوسێن هەروەها گوتی: "لە ماوەی ساڵێكی كاركردنی ئاژانسەكەدا دەرخستنی بێلایەنی هەواڵەكان و راگرتنی هاوسەنگی سیاسی خاڵێكی پۆزەتیڤی ئاژانسەكەیە و دەكرێ‌ كەناڵە كوردییەكانیش هاوشێوەی ئەو جۆرێك لە بێلایەنی راگرن."

سەرنوسەرەكەی ماڵپەری خەڵك هاوشێوەی ئابونەدارەكانی دیکە داوایكرد AA زیاتر گرنگی بە هەواڵەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بدا و زۆرتر رۆبچێتە ناو سیاسەت و شەقامی كوردی و ببێتە پردی پەیوەندی لە نێوان ناوچە کوردییە جیاوازەکاندا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın