Mesut Karaduman
18 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2023
تەکیرداغ - AA
کێڵگەکانی گوڵی لاڤاندەر لە تاکیرداغ کە بووەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانیی، پێشوازی لە سەردانکەران دەکات.
گوڵی لاڤاندەر کە لەسەر رووبەری هەزار و ٢٥٠ هێکتار زەوی چێندراون بەمەبەستی گۆڕینی زەوی ناکشتوکاڵییەکان بۆ کشتوکاڵی، دەبێتە هۆی باشکردنی باری ئابووریی بەرهەمهێنەرانی، هەمیش گەشتیار بۆ شارەکە رادەکێشێت.
بەدرێژایی سێ هەفتە کە ڕووەکەکە گوڵ دەکەن، هەر کێڵگەیەکیان هاوشێوەی ستۆدیۆیەکی وێنەگرتن دەبنە شوێنی وێنەگرتن و هاووڵاتیان سەردانی دەکەن.
بەڕێوەبەری کلتوور و گەشتوگوزاری پارێزگاکە، ئەحمەد هاجیئۆغڵو، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە کاتێ باس لە لاڤاندەر دەکرێت شارەکەیان لە نێو ئەو شارانەدایە کە یەکەم جار دێت بە خەیاڵدا.
هاجیئۆغڵو باسی لەوە کرد لە کێڵگەکاندا باڵۆن، پاسکیل، تراکتۆر و دەرگای کۆنی لە داری دروستکراو دانراون تا هاووڵاتیان وێنەیان لە پاڵدا بگرن و گوتی: ''لە ساڵانی رابردوودا چاندنی گوڵی لاڤاندەر زیادی کردووە. ٢٠ لەو کێڵگانە بەرووی گەشتیاراندا کراوەتەوە''.
هاجیئۆغڵو باسی لەوەیش کرد کە نزیکبوونی ناوچەکەیان لە ئیستانبوڵەوە لە رووی گەشتیارییەوە سوودی هەیە.
توغبا کورت کە یەکێکە لەو هاووڵاتیانەی بە ناو کێڵگەکەدا دەگەڕێت، باسی لەوە کرد کە لە پارێزگای کۆجائەلیەوە هاتووە بۆ بینینی کێڵگەکانی گولی لاڤاندەر.
کورت ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هەمووان بێن بۆ بینینی ئەم کێڵگە رەنگ مۆرانە کە جوانییەکەی لەگەڵ سروشتدا ئاوێتە بووە.
ئەلیف کاپلان کە لە گێڵگەکەدا وێنە دەگرێت، باسی لەوە کرد ساڵانە روو لەم کێڵگانە دەکات و گوتی: ''میوانەکانمان بۆ ئێرە دەهێنم. دڵخۆشین کە لە تراکیا شوێنێی لەم شێوەیە هەیە. پشتیوان بەخوا ژمارەی کێڵگەکان زیاد دەکەن''.