هونەر و كلتوور

٤٠ ساڵە بە شێوازی کۆن پیشەی ئاسنگەریی دەکات کە لەباپیریەوە بۆی ماوەتەوە

ئاسنگەر سادق فەتحوڵا سادق: "هەموو ئامێرێک کە دروستی دەکەم، (تەور، تەورزێن، تەشی، داس، پاچ، خاکەناز)بە سێ قۆناغ ئەنجامی دەدەم، سەرەتا ئاسنەکە سور دەکەمەوە لەبەردەم ئاگر دواتر میراتی دەکەم، پاشان ئەیهێنمە دەرەوەو پەرداخی دەکەم"

Rewa Mahmood Hasan  | 12.03.2021 - نوێکردنەوە : 22.04.2021
٤٠ ساڵە بە شێوازی کۆن پیشەی ئاسنگەریی دەکات کە لەباپیریەوە بۆی ماوەتەوە

As Sulaymaniyah

هەڵەبجە - AA

لە سوچێکی دووکانەکەیدا دانیشتووەو زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری ئاسنگەری دەکات کە لە باوک و باپیریەوە بۆی ماوەتەوە.

ئەو لە دووکانێکی بچوکدا بە خەڵوز و دار ئاسن گەرم دەکات و دواتر چەندین ئامێری تایبەت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دروست دەکات.

هێشتا پەیتا پەیتا لە گوند و شارۆچکەکانی هەڵەبجەوە دێنە لای مام سادق و تەور، تەورداس و چەندین ئامێری تری تایبەت بە کشتوکاڵ و گوێسمینی ئاژەڵ دروست دەکەن.

سادق فەتحوڵا سادق کە تەمەنی ٧٤ ساڵە، وەک خۆی باسی لێوە دەکات لە سەردەمی منداڵیدا ماڵیان لە ناحیەی تەوێڵە بووە لە هەورامان، هەموو رۆژێک دوای دەوامی خوێندنگە، دەهاتەوە لای باوکی و یارمەتی دەداو لەوێوە فێری پیشەی ئاسنگەریی بووە.

مام سادق دەڵێت "لەتەوێڵە، منداڵ بووم ساڵانی ١٩٥٠کان، دوای ئەوەی کە لەمەکتەب دەهاتمەوە، دەچووین یارمەتی باوک و مامەکانمان دەدات. لەوێوە فێری ئیشەکە بووم، ئەو کات لە تەواوی گوندەکانی چواردەوری هەورامانەوە دەهاتن، داوای دروست کردن یان دەمەزەردکردنەوەی، تەور، تەورداس و چەندین شتی تریان دەکرد".

دوای ئەوەی مام سادق تەوێڵە بەجێدەهێڵێت، دواتر دەچێتە هەڵەبجەو لەوێ نیشتەجێ دەبێت و بیر لەوە دەکاتەوە کە پیشەکەی باوک و باپیرانی زیندوو بکاتەوەو بڕیار دەدات لە ساڵی ١٩٩١داو دوای کشانەوەی رژێمی بەعس لە هەرێمی کوردستان، دووکانێکی بچوک لە ناوەڕاستی بازاڕی هەڵەبجەدا دروست دەکات و لەو کاتەوە تائێستا سەرقالی ئاسنگەرییە لە دووکانە بچوکەکەی خۆیدا.

دوای ئەوەی مام سادق تەوێڵە بەجێدەهێڵێت، دواتر دەچێتە هەڵەبجەو لەوێ نیشتەجێ دەبێت و بیر لەوە دەکاتەوە کە پیشەکەی باوک و باپیرانی زیندوو بکاتەوەو بڕیار دەدات لە ساڵی ١٩٩١داو دوای کشانەوەی رژێمی بەعس لە هەرێمی کوردستان، دووکانێکی بچوک لە ناوەڕاستی بازاڕی هەڵەبجەدا دروست د ەکات و لەو کاتەوە تائێستا سەرقالی ئاسنگەرییە لە دووکانە بچوکەکەی خۆیدا.

مام سادق دەڵێت، "من لە ١٩٧٨ەوە هاتوومەتە هەڵەبجە بەڵام لە ١٩٩١دا کاری خۆمم لێرە دامەزراند و وەک پیشەی ئاسنگەری کاری خۆم دەکەم".

مام سادقی ئاسنگەر بەدەستێکی ئاماژە بۆ وێنەیەکی باوکی دەکات کە بەدیوارەکەوەیەو دەڵێت: "ئەوە وێنەی باوکمە لە رۆژنامە گرتوومانەتەوە، ئەوکات لە سەردەمی سەرکۆمار ئە‌حمەد حەسەن بەکردا( ١٩٦٨-١٩٧٩)، ئاسنگەر بووەو رۆژنامەیەک هاتوون چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردووەو دواتر رەسمیان لێگرتۆتەوەو بۆیان هێنام ومنیش هەڵم واسیوە".

ئەو رۆژانە سەعات ٧:٠٠ هەڵدەستێت و دوای بەرچایی خواردنی بەیانیان، بەرەو دووکانەکەی بەڕێدەکەوێت و دووکان دەکاتەوەو دەست دەکات بە دروست کردنی ئەو ئامێرانەی کە گوندنشینان و خەڵکی ناوچەکە داوایان لێکردووە بۆی دروست بکەن.

مام سادق لەوبارەیەوە دەڵێت: "من ٨:٣٠ لێرە دەستبەکار دەبم تا سەعات ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ، دواتر دەچمەوە ماڵ و پشوویەک دەدەم و نانێک دەخۆم، دواتر بەپێی ئیشەکەم دەگەڕێمەوە بۆ سەر دووکان لەسەعات ١:٠٠ی دوانیوەڕۆدا. سوپاس بۆخوا بژێوی خۆمی و خێزانی پێ بەڕێدەکەم و کارەکەم باشە".

ئەو ئاسنگەرە ئاماژە بەوە دەکات کە کارەکەی خۆی خۆشدەوێت و وەک ئارەزوو حەزی پێدەکات، بۆیە تائێستا بەردەوامەو دەڵێت، "پیشەگەری کارێکە دەبێت بەرنامەت بۆی هەبێت و خولیات بێت، بۆیە من زۆر لە ئیشەکەم رازیم، رۆژانە تەور، تەورداس و زەنگ، دروست دەکەم و دەمەزەردیان دەکەمەوە. ئەو کەلوپەلانەی لە باخ و باخداریدا بەکاردەهێنرێن، لێرە لە هەڵەبجە خەڵک دێن داوای دەکەن بۆیان دروست بکەین، بۆیە من بەتەنیا لەهەڵەبجە ناتوانم هەموو ئەو داواکارییانەی هاوڵاتیان دابین بکەم و کەسانی تر هەن وەک ئاسنگەر ئەو کارە دەکەن. کەسی وا هەیە دێت پێی دەڵێم دوای ٣-٤ رۆژی تر وەرەوە، چونکە خەڵکەکە زۆرەو ئیشەکەش زۆرە، منیش توانام نەماوە وەک جاران کار بکەم.تەمەنم چووەتە سەرەوە".

مام سادق بەشێوازێکی تایبەتی کۆن سەرقاڵی گەرم کردن و نوشتاندنەوەی ئاسنەکانی بەردەستێتی. بە دار و خەڵوز ئاسنەکان گەرم دەکات، بە ئامێرێکی کۆن کە پێش ٨٠ ساڵ هێنراوەتە ناوچەکەو بەدەست کار دەکات، ئاگرەکە دەگەشێنێتەوەو بەو چەشنە کاری رۆژانەی خۆی دەکات و لەوبارەیەوە مامەی ئاسنگەر دەڵێت، "کورە-کەم یابانیە، کاتی خۆی وشە دەم هەبوو بە دوو دەست دەتهێنایەوەو فوی لەئاگرەکە دەکرد، بەڵام ئێستا مەکینەیەکە یابانیە، وەک ئەو ئامێرانەی کە بۆ گۆشت برژاندن بەکاردێن، لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوەو تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە ئەو ئامێرە هەیە. بەڵام من زۆر هیلاکی دەکەم باوکم ئاگای لێدەبوو زۆر ئامێرەکەی هیلاک نەدەکرد".

مام سادق بەم شێوەیە باس لە دروست کردنی ئەو ئامێرانە دەکات کە دێنە بەردەستی و دەڵێت: "هەموو ئامێرێک کە دروستی دەکەم، (تەور، تەورزێن، تەشی، داس، پاچ، خاکەناز)بە سێ قۆناغ ئەنجامی دەدەم، سەرەتا ئاسنەکە سور دەکەمەوە لەبەردەم ئاگر دواتر میراتی دەکەم کەئەویش بریتیە لە چەور کردنی ئاسنەکە من بە قۆچی ئاژەڵ چەوری دەکەم، پاشان ئەیهێنمە دەرەوەو پەرداخی دەکەم. پەرداخ کردن بریتیە لە تیژ کردنەوەی دەمی ئەو ئامێرەی دروستی دەکەین، بە بڕبەن".

مام سادق بۆ بڕبەن کردنی ئاسنەکان قۆچی ئاژەڵەکان بەکاردەهێنێت، پێش بڕبەن کردن. ئەویش لە گوندەکانەوە ئاژەڵدارەکان بۆی پەیدا دەکەن و دەیهێنن.

ئەو ئاسنگەرە خاوەنی ٦ منداڵە کە خوێندکار و فەرمانبەر و مامۆستان و هەموویانی بە پیشەی ئاسنگەریی پێگەیاندووەو لەئێستادا خێزانەکەی هاوکارێکی باشین بۆ ئەوەی بەردەوام بێ لەکارەکەی و دەڵێت، "منداڵەکانم دوانیان لەخۆم باشتر فێری پیشەی ئاسنگەریی بوون، بەڵام نایکەن، فەرمانبەرن و کاتی ئەوەیان نیە ئەم پیشەیە ئەنجام بدەن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın