Yavuz Emrah Sever
05 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2023
قەهرەمانمەڕەش - AA
مزگەوتی عەبدولحەمید خان کە یەکێکە لە سیمبوڵەکانی شاری قەهرەمانمەڕەش، بەرامبەر بەو وێرانکارییە گەورەیەی دوای بوومەلەرزەکان لە شارەکەدا روویدا، وەک رێکارێکی خۆپارێزی بە داخراوی دەمێنێتەوە.
مزگەوتەکە کە گەورەترین مزگەوتی شارەکەیە، سەرەڕای ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی لە شەشی شوبات روویان دا جگە لە نافورەی ناو باخچەکەی کە زیانی بەرکەوتووە، وەک خۆی ماوەتەوە.
مزگەوتەکە کە لە ساڵی ١٩٩٣ بناغەکەی دانراوە، بە پاڵپشتیی زۆرێک لە خێرخوازان دروستکراوە و ١٣ ساڵ لەمەوبەر بەڕووی نوێژخوێناندا کرایەوە.
دوای بوومەلەرزەکان لە مزگەوتەکە هەڵسەنگاندنی زیانەکان لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی ژینگە و شارسازیی و گۆڕانی ئاووهەوا ئەنجامدرا.
- دیاری کراوە کە "زیانێکی کەمی پێگەیشتووە"
مزگەوتەکە کە دیاریکرابوو "زیانێکی کەمی پێگەیشتووە"، وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەڕووی نوێژخوێناندا داخرا.
جێگری موفتی پارێزگای قاهرەمانمەڕەش، مەهمەت دەمیر بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە مزگەوتەکە یەکێکە لە سیمبوڵەکانی شارەکە و ١٣ ساڵ لەمەوبەر بەڕووی نوێژخوێناندا کراوەتەوە.
مەهمەت دەمیر بە ئاماژەدان بەوەی کە لە لێکۆڵینەوە بەراییەکاندا دەرکەوتووە کە مزگەوتەکە "زیانێکی کەمی پێگەیشتووە"، گوتی: "دووبارەکردنەوەی ئەم مزگەوتە بەڕووی نوێژخوێناندا بەندە بە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە وردانەی لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە ئەنجام دەدرێت".