Rewa Mahmood Hasan
14 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2021
سلێمانی - AA
لە ١٤ی شوباتدا کە رۆژی جیهانی خۆشەویستییە عاشقان، هاوسەرەکان و خۆشەویستان پەیتا پەیتا بە شەقامەکانی سلێمانی-دا رژابوون، بۆ ئەوەی هەریەکەو بتوانێت زووتر گوڵێکی سوور کە هێمایەکی دێرینە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی بۆ مەعشوقەکانیان بەدەست بخەن.
زۆرێک لە کۆگاکانی گوڵفرۆشتن و دەستگێڕەکان لە شەقامەکانی سلێمانی سووریان دەکردەوە، رێژەیەکی بەرچاو لە گەنجان، تەنانەت ئەوانەشی لە تەمەنێکی سەرەوەن، گوڵیان دەکڕی و دەیان کردە دیاریی بۆ خۆشەویستەکانیان.
شەقامی سالم یەکێکە لە شەقامە دیارەکانی شاری سلێمانی و چەندین گوڵفرۆشی تێیدایە کە ئەمڕۆ جمەیان دەهات، زۆرێک لە دووکانەکان بەشێوەی جیاجیا بەردەمەکانیان رازاندبوویەوە تاوەکو ببنە جێی سەرنجی عاشقان و بەئومێدی ئەوەی چەپکێک گوڵیان لێبکڕن و خەرجییەکی باشیان هەبێت، چەندین رێگای جۆراوجۆریان گرتبوویە بەر.
ئەوەی جێی سەرنجە خۆشەویشتان و عاشقان بە ئاشکرا گوڵەکان دەکڕن و بەدزییەوە پێشکەشی یەکتری دەکەن.
ئاژانسی ئانادۆڵو هەوڵیدا چەند کەسێک بدوێنێت کە سەرقاڵی گوڵکڕین بوون، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن، ئەویش بەهۆی شەرم و هەندێک جاریش ترسەوە لە ئاشکرا بوونیان لە خۆشەویستیی.
خاوەنی فرۆشگای گوڵفرۆشی جەمشید کە یەکێکە لە کۆنترین گۆڵفرۆشەکانی شاری سلێمانی، هەڵۆ قادر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ساڵ لە چاو ساڵانی رابردوودا، گوڵی کەمتریان هێناوە لە دەرەوە، ئەویش لە ترسی قەیرانی دارایی و کۆرۆنا کە ئەگەری هەبووە خەڵک لەو بۆنەیە سارد بکاتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەموو ساڵێک زیاتر گوڵ فرۆشراوە.
هەڵۆ قادر بەدەم چنینەوەی گوڵی سروشتییەوە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد ئەوان گوڵەکان لە دەرەوەی وڵات دەهێنن و لەسەدا ٥٠ی گوڵەکان لە ئێران و ئەوانی تریش لە هۆڵەندا و کینیاوە هاوردە دەکەن، چونکە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان وەک پێویست نین بۆ دابینکردنی گوڵی سروشتی بۆ رازاندنەوە.
خاوەنی فرۆشگای گوڵفرۆشی جەمشید، هەڵۆ قادر گوتی: ''ئەمڕۆ بەبۆنەی رۆژی جیهانی ڤاڵانتاین-نەوە گوڵی سروشتی لە رۆژانیتر زیاتر سەرف دەبێت، زۆربەی گوڵەکانمان بەداخەوە لە دەرەوەی وڵات دەهێنرێت، چونکە ناتوانین پشت بە کێڵگەکانی ناوخۆ ببەستین، هەموویان لە دەرەوە هاوردە دەکەین. ساڵی پار لە ١٤ی شوباتدا تازە ئەگەری کۆرۆنا نزیکبوو بوویەوە، بەڵام خەڵک هەر دەهاتن، بۆیە گوڵێکی زۆرمان هێنابوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە، گوڵێکی کەمترمان هێنا، تاوەکو خەسارە نەدات".
خاوەنی فرۆشگای گوڵفرۆشی جەمشید سەبارەت هاوردەکردنی گوڵەکان ئاماژەی بەوەکرد کە لەسەدا ٩٠ی گوڵەکان لە وڵاتی ئێرانەوە دەگات بەدەستیان، بەڵام گوڵە رۆزەکان لە کینیا و هۆڵەنداوە دەیهێنن.
لە ڤاڵانتاین-دا بە ئاشکرا گوڵی سوور دەکڕن و بە دزییەوە پێشکەشی دەکەن