Talip Demirci
29 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2023
ئانتاڵیا - AA
بەهۆی پشووی جەژنی قوربانەوە جموجۆڵی زۆری گەشتیاران لە قەزای کاش سەر بە پارێزگای ئانتاڵیا بەدی دەکرێت.
لە قەزای کاش کە یەکێکە لەو ناوەندە گەشتیارییانەی کە بە دەریا و کەناراو و جوانییە سرووشتییەکانییەوە ناوبانگی دەکردووە، رێژەی پڕیی بەشێک لە هۆتێل و شوقە و ڤێلاکان گەیشتووەتە سەدا سەد. فێرگەکانی ژێرئاوگەڕ، چایخانەکان، چێشتخانەکان، کافتریا و مۆڵەکان جمەیان دێت و هەموو هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ خزمەتکردنی گەشتیاران.
گەشتیارانی ناوخۆی و بیانیی ئارەزووی خۆیان بۆ گەشتە دەریاییەکان نیشان دەدەن کە بۆ دوورگەی مەیس لە یۆنان رێک دەخرێن.
کەناردەریای کاپوتاش کە بە رەنگە پیرۆزەییەکەی سەرنجی گەشتیاران بۆ خۆی رادەکێشێت، کەناراوەکانی ئینجەبۆغاز، ئاکچاگەرمە، بویوک چاکڵ، کوچوک چاکڵ و سەیرەت چاکڵ میوانداری ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران دەکەن.
کەناردەریای کاپوتاش کە لە لیستی "باشترین ٤٠ کەناردەریای ئەورووپا"دایە کە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئامادەی کردووە، زۆرترین گەشتیار لەم پشووەی جەژندا رووی تێدەکەن.
ئۆکان کاراگۆز کە یەکێک لە گەشتیاران بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە زۆر لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن و لەو نرخانەی دیاریکراون، رازین.
لە بەرامبەردا ئیسماعیل حەقی ئینان باسی لەوە کرد، هاوڕێیەکی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاوەتەوە پێشنیاری کاپوتاش بۆ کردووە و لە کاش پشوویەکی خۆشیان بەسەر بردووە.
ئیریکا ماریا گۆنزالز کە لە ویلایەتی میامی ئەمریکاوە بۆ پشوو هاتبوو، ئاماژەی بەوە دا کە تورک میواندۆستن و گوتی: "ئەم شوێنە زۆر ناوازە و نایابە، خەڵکەکەی باشن، کەناراوەکانی جوانن، خواردنەکانی بەلەزەتن".