Haydar Karaalp
18 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رشید رایگەیاند کە پارچە شوێنەوارێکی سەردەمی ئاشوورییەکانی لە ئیتاڵیا وەرگرتووەتەوە.
عەبدولـلەتیف رشید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بەغدا ئەنجامی سەردانەکەی هەفتەی رابردووی خۆی بۆ ئیتاڵیا خستەڕوو.
سەرکۆماری عێراق سوپاسی ئیتاڵیای کرد بۆ پاڵپشتییەکانی لە گەڕاندنەوەی ئەو پارچە شوێنەوارە مێژووییە بۆ عێراق و رایگەیاند "ئەو پارچە شوێنەوارە کە ساڵانێکی زۆربوو لە ئیتاڵیایە، رادەستی مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق دەکەینەوە".
گوتیشی: "ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، لەوەی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان بۆ گەڕانەوەی ئەو پارچە شوێنەوارە مێژووییانەی وڵاتەکەمان کە دزراون و براونەتە دەرەوە".
لای خۆیەوە وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان، ئەحمەد فەکاک بەدرانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکدا رایگەیاند ئەو پارچە شوێنەوارەی کە لە ئیتاڵیا وەرگیراوەتەوە، بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە و گوتی: "پارچە شوێنەوارەکە گرنگییەکی زۆری ھەیە، چونکە شوێنەوارێکی رەسانەیەتییە و نووسینی بزماری لەسەر نووسراوە".
باسی لەوەیش کرد کە پارچە شوێنەوارەکە، رادەستی مۆزەخانەی نیشتمانیی لە بەغدا دەکەن و لەوێ نمایش دەکرێت.
دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا ژمارەیەکی زۆر شوێنەواری مێژوویی لە مۆزەخانەکانی عێراق دزران و بە شێوەی نایاسایی برانە دەرەوەی وڵات.
ھەر لەوباریەوە ئەحمەد فەکاک بەدرانی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە تا ئێستا ژمارەیەک پارچە شوێنەواریان لە ئەمریکا، لوبنان و میسر گەڕاندووەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە شەشی ئایاردا لەلایەن وەزارەتی کولتووری عێراقەوە بڵاوکرابوویەوە، ئاماژە بەوەکرابوو، شەش هەزار ئاسەواریان لە بەریتانیا وەرگرتووەتەوە کە لە ساڵی ١٩٩٣دا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە درابوون بەو وڵاتە.