هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ٢٠٢١

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: "ژمارەی کورسییەکانی قەوارە سیاسییەکانمان رانەگەیاندووە"

Sarmand Hameed  | 15.10.2021 - نوێکردنەوە : 15.10.2021
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: "ژمارەی کورسییەکانی قەوارە سیاسییەکانمان رانەگەیاندووە"

Iraq

بەغدا - AA

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، بەرپرس نیین لە راگەیاندنی ئەو ئەنجامانەی کە سەبارەت بە ژمارەی ئەو کورسییانەی قەوارە سیاسییەکان بەدەستیان هێناوە، بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.

ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، عیماد جەمیل لە لێدوانێکیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، "دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان هێرشی توند دەکرێتە سەر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەبێ بوونی بەڵگەی دروست".

عیماد جەمیل راشیگه‌یاندووه‌: "دوای داخستنی سندوقەکانی دەنگدان، کۆمیسیۆن ئەنجامی وێستگەکانی دەنگدانی داوە بە چاودێرانی قەوارە سیاسییەکان و کاندیدەکان".

ئەو ئەندامەی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌: "درەنگانی ئێواره‌ (دوای کاتژمێر شەشی ئێوارە کە وادەی داخستنی سندوقەکان بوو) لە ژمارەیەکی سنووردار لە وێستگەکان کێشە دەرکەوتن بەهۆی کێشە لە ئامێرەکان" و جەختی لەوەش کردەوە کە کۆمیسیۆن دەنگی ئەو وێستگانە دووبارە بە دەست دەژمێرێتەوە.

عیماد جەمیل رایگەیاند: "دوای ٢٤ کاتژمێر لە هەڵبژاردنەکان، لەسەدا ٩٤ی ئەنجامەکان راگەیەندرا و رێژەکەی دیکەش بە دەست دەژمێردرێنەوە بە جۆرێک وێستگەیەک لە هەر بنکەیەکی دەنگدان دیاریکراوە بۆ ئەوەی بەشێوەی دەستی دەنگەکانی بژمێردرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لەگەڵ ئەنجامی ئەلیکترۆنی وەک یەکن".

ئەندامەکەی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکرایشی کرد کە دەنگی وێستگە گوماناوییەکان بەدەست دەژمێرنەوە بۆ دڵنیابوون لە دروستیان لە ئەگەری بوونی سکاڵای پشت بەست بە بەڵگە و گوتی: "رەنگە دوای کۆتایی هاتنی جیاکردنەوە و ژماردنی دەستی وێستگە گوماناوییەکان گۆڕانکاریی بەسەر ئەنجامەکاندا بێت".

عیماد جەمیل جەختی لەوه‌ش کردەوە کە "کۆمیسیۆن بەرپرس نییە لەو ئەنجامانەی کە لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە ژمارەی کورسییەکانی قەوارە و لیستەکان و ناوی براوەی زۆرترین دەنگ یان کورسی کۆتا بڵاو دەکرێنەوە چونکە ئەنجامی کۆتایی هێشتا تەواو نەبووە".

رۆژی یەکشەممەی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.

وێڕای ئەوەی ٢٤ کاتژمێر لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە راگەیەندرا، تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی رانەگەیەندراوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın