بارزان جەوهەر: "دوای ھەڵبژاردن کۆمەڵگای عێراقی بەرەو تارماییەکی زیاتر دەڕوات"
دکتۆر بارزان جەوهەر: "تا دێ ھەڵبژاردن دوای ھەڵبژاردن، کۆمەڵگای عێراقی بەرەو تارماییەکی زیاتر دەڕوات، بەھۆی ئەوەی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و ئەو گۆڕانکارییەی لە ئەفغانستان، سووریا و یەمەن دەکرێت، ھەمووی یەک پاکێجی سیاسییه و دۆخەکە بەرەو باشتر نابەن".
Arbil
هەولێر - AA
شارەزایەکی زانستە سیاسییەکان لەبارەی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ١٠ی تشرینی یەکەم لە عێراق، پێیوایە ئەوانەی ئێستا لە عێراق کێشە دروست دەکەن، ئەوانەن کە پێیانوابوو دەتوانن بە هێزی چەک و پاڵپشتیی دەرەکی دەنگی زیاتر بهێنن، بەڵام دەنگەکان لە ئاستی چاوەڕوانی ئەوان نەبووە هۆکارەکەیشی خراپی ئەدای سیاسیی و سەربازییان بووە لە رابردوودا، بۆیەش خەڵک سزای داون، راشیدەگەیەنێت کە ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە دوا دەرفەت بۆ عێراقییەکان، چونکە ئەمە دوا هیوای ئەمریکییەکان و تەنانەت هاوپەیمانەکانیش بوو، چونکە ئەوان لە ٣١ی ١٢ی ٢٠٢١ عێراق بەجێدەهێڵن.
مامۆستا لە کۆلیژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر بارزان جەوهەر لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا، تیشک دەخاتە سەر پڕۆسەی هەڵبژاردن و پێیوایە بەپێی راپۆڕتە نێودەوڵەتییەکان پێیان وابووە هەڵبژاردنێکی پاک بووە و بەگشتی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بووە.
دکتۆر بارزان جەوهەر لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق دا دەڵێت: "لە راستیدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەنجامدرا کە گرنگترینیان ئەوە بوو یەکەمجارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام دەدرێت کە ئەمە داواکاری خۆپیشاندەرانی تشرینی ٢٠١٩ بوو، هەرچەندە کۆمەڵێک ئەجێندای دەرەکی هاتە نێو خۆپیشاندەران و وەک داوای خۆپیشاندەران خرایەڕوو، هەروەها خاڵێکی دیکە ئەوە بوو کە گۆڕانکاری لە یاسا و سیستەمی هەڵبژاردن کرا کە ئەمە وای کرد گۆڕانکاری لە بەشێک لە کورسی لایەنەکان دروست بێت، خاڵێکی دیکە پاکی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بوو، بەپێی راپۆڕتە نێودەوڵەتییەکان و هەتا ئێرانیش کە پێیان وابوو هەڵبژاردنێکی پاک بووە، بەگشتی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بووە".
لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش، دکتۆر بارزان جەوهەر گوتی: "لەکاتێکدا کە چاودێرە ناوخۆیی و هەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکان پەسەندی ئەنجامی هەڵبژاردن بکەن و پێیان وابێت هەڵبژاردنەکە پاکە و ئەگەریش بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نەبێت کە پێشێلکاریی کرابێت، ئەوکاتە ئێمە دەچینە قۆناغێکی دیکە و قسە لەسەر بابەتێکی دیکە دەکەین ئەویش تەصفیە حیسابی کەسایەتییەکانە لەگەڵ یەکتریی یان حزبێک لەگەڵ حزبێکی دیکە کە ئەمەشیان لە هەموو هەڵبژاردنێکدا هەبووە، ئەمەش لە هەڵبژاردنێک بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە ئەوانەی ئێستا لە عێراق کێشە دروست دەکەن ئەوانەن کە پێیانوابوو کە دەتوانن بە هێزی چەک و پاڵپشتیی دەرەکی دەتوانن دەنگی زیاتر بهێنن، بەڵام دەنگەکان لە ئاستی چاوەڕوانی ئەوان نەبووە لەبەر ئەوەی ئەدای سیاسیی و سەربازییان لە رابردوو باش نەبووە بەرامبەر بە خەڵکی عێراق و خەڵک سزای داون، واتا ئەوەندەی پەیوەندی بە تەصفیە حیساباتەوە هەبووە، ئەوەندە پەیوەندی بە خراپی هەڵبژاردنەوە نەبووە".
ئهو شارهزایهی زانسته سیاسییهكان پێیوانییه ئهم ههڵبژاردنه سهقامگیریی دروست بكات و دهڵێت ''بێگومان هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە سەقامگیریی سیاسیی دروست بێت لە هەموو وڵاتێکدا، بەڵام هەندێکجار مەرج نییە هەڵبژاردن بتوانێت سەقامگیریی بێنێتە کایەوە بە پێچەوانەوە لە ههندێك شوێندا هەڵبژاردن دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە گۆڕانکاریی سیاسیی دروست بێت و دواتر هێزەکان تەقەبولی ئەوە ناکەن، چونکە رۆشنبیریی دیموکراسیی تیادانییە، بۆیە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەیان خاڵێکە کە جێگای رەخنەیە لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی کە دیموکراسی مەرج نییە ببێتە هۆی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و سەقامگیریی سیاسیی".
بهپێی پێشبینی ئهو شارهزایهی زانسته سیاسییهكان له ماوهی سێ مانگی داهاتوودا ههندێك رووداو له عێراق روودهدهن و چاوهڕوانی ئهنجامێكی خراپ لهمبارهیهوه دهكات و گوتی: ''لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا، کۆمەڵێک رووداو لە عێراق روودەدەن، هەر پڕۆسەی هەڵبژاردن نییە بەتەنها، بەڵکو بەجێهێشتنی ئەمریکاشە و ئەو گۆڕانکارییە سیاسییەشە کە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دێتە کایەوە، چاوەڕوانییەکی خراپ لەم رووداوانە دەکەین کە ببێتە هۆی ئەوەی ناسەقامگیرییەکی زیاتر لە عێراق دروست بێت''.
دكتۆر بارزان جهوههر گوتیشی: ''داواکاری خۆپیشاندەران ئەوە بوو کە نەخشەی سیاسیی لە عێراق بگۆڕدرێت و هێز و دەسەڵات لەژێر چنگی کۆمەڵێک میلیشیا دەربهێندرێت و عێراق ببێتە وڵاتێکی دامەزراوەیی و هاووڵاتییبوون، بەڵام بە پێچەوانەوەی هەموو ئەو بۆچوونانە، کۆمەڵێک هێز کە پێشتر دەسەڵاتداربوون لە حکوومەتی عێراق و ئەمجارە بەهێزێکی زیاترەوە هاتوونەتە مەیدان، ئەمانە ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە لە عێراقدا دروست بووە، ئەمە زۆر زیاتر دەبێت، واتا ئەو دینامیکییەی کە هەڵبژاردن لە رووی دیموکراسییەوە هەیەتی، ناتوانێت ئەو بەستەڵەکە سیاسییە بتوێنێتەوە''.
لهبارهی ئهوهی كه ئایا ئهم ههڵبژاردنه دوا دهرفهت دهبێت بۆ عێراقییهكان یان بواری دیكه ماوه بۆ هێزه سیاسییهكان، دكتۆر بارزان جهوههر دهڵێت ''من لەگەڵ ئەو بۆچوونەم کە ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە دوا دەرفەت بۆ عێراقییەکان، چونکە ئەمە دوا هیوای ئەمریکییەکان و تەنانەت هاوپەیمانەکانیش بوو، چونکە ئەوان لە ٣١ی ١٢ی ٢٠٢١ عێراق بەجێدەهێڵن، هیوای ئەوەیان لە پشتگیرییکردنی خۆپیشاندەرەکانی ٢٠١٩ و فڕێدانی ئەجێندای هەڵبژاردن بۆ ئێستا ئەوە بوو کە کۆمەڵە خەڵکێک بێتە پێشەوە تا بتوانن گۆڕانکاریی سیاسیی دروست بکەن، بەڵام وەک دەبینین ئەو لایەنانەی کە ئەستەمە گۆڕانکاری لە عەقڵییەتییاندا بکرێت، هەر ئەمانە دێنەوە سەر دەسەڵات و هەر ئەمانە کابینەکانی حکوومەت پێکدەهێنن، ئەمە نەک هەر خەڵکی عێراق بەڵکو خەڵکی وڵاتانی دیکەی ئەورووپاشی بێ هیوا کردووە کە یارمەتی عێراقییان دەدا''.
لهبارهی تێڕوانینی بۆ داهاتووی عێراق، مامۆستا لە کۆلیژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر بارزان جەوهەر گوتی: ''لە راستیدا کۆمەڵێک سیناریۆ خراونەتەڕوو کە گوایا بە براوەکانی یەکەمی کورد، سوننە و شیعە، حکوومەتێکی نیشتمانیی پێکبێنن کە ئەمە لە دوای هەموو هەڵبژاردنێک دەستی پێ کردووە، بەڵام ئەزموون پێمان دەڵێت ئەو لایەنەی دەیەوێت سەرکەوتووبێت لە دەسەڵات، ئەوا لایەنەکانی دیکە رادەکێشێتە نێو کابینەکە و ئەمەش وا دەکات درێژە بەو دیالۆگانە بدات بۆ ئەوەی بتوانێت لایەنەکانی دیکە رابکێشێت، بەڵام لێرەدا رووبەڕووی کێشەیەکی سەرەکی دەبینەوە ئەویش بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، ئەو لایەنەی کە براوەی یەکەمە، ئەگەر لە ماوەی ٣٠ رۆژدا حکوومەت پێکنەهێنن، دەچنە جەولەیەکی دیکە و لەوێدا کێشەیەکیان بۆ دروست دەبێت و ماوەکەیان تەواو دەبێت، ئینجا پێویستییان بەوە دەبێت کە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی کابینەی حکوومەت پێکبهێنن و ئەمە کێشەکە لە جاران زیاتر دەکات''.
دكتۆر بارزان جهوههر دهشڵێت ''لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە له رابردووشدا ههمیشه دانیشتنەکانی پەرلەمان به كراوهیی ماونەتەوە، ئەگەریش لایەنی براوەی یەکەم بیهوێت کابینە پێکبهێنێت، هەر بۆخۆی نایەوێت بەبێ بەشداری ئەوانی دیکە بێت، چونکە زۆربەی هەرەزۆری هێزی چەکداریی باڵی حەشدی شەعبی لەژێر هەیمەنەی دەرەکییە و لەژێر هەیمەنەی ئەو لایەنانەیە کە لە ٤٤ کورسی پەرلەمانیی هاتوونەتەوە سەر ١٤ کورسیی پەرلەمانی، ئەمە کێشە بۆخۆیان دروست دەکات هەر بۆیەش بۆخۆیان چاوەڕێ دەکەن لایەنەکانی دیکەیش بێنە ناو کابینەکە، جگە لەوەش دەبینین پێکهێنانی هەموو کابینەکان لە عێراق بەشێوەی سەربەخۆ نابێت و رێککەوتنێکی دیکەی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی هەیە و پێموایە ئەمە وا دەکات پێکهێنانی کابینە دوا بخرێت".
له كاتێكدا سەرکردایەتی کورد داوای یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان دەکەن و لهبارهی ئهوهی كه ئایا ئەوان دەتوانن چ دەستەبەر بکەن بۆ هاووڵاتییانی ههرێمی كوردستان، دكتۆر بارزان جهوههر دهڵێت "کۆمەڵێک پرسی سەرەکی هەیە گەیشتووەتە بنبەست و پێموانییە جارێکی دیکە براوەکانی هەرێمی کوردستان قسە لەسەر ئەو بابەتانە بەو شێوە توندییەی پێشووتر بکەن و بیکەنە هێڵی سوور بۆ مەسەلەی دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، بەڵام کۆمەڵێک پرسی دیکە هەیە هاتووەتە پێش کە ئەولەویەتی پێدراوە کە ئەویش ئەو هەماهەنگییەکە لە بابەتی فرۆشتنی نەوت و بووجە و ئاسایشی وڵات کە ئەمانە کۆمەڵێک بابەتن مێزی دیالۆگ دەگۆڕن و لایەنە کوردییەکانیش بە ئاسانی دەتوانن بگەن بە رێککەوتن و ئەمەش وا دەکات کە لە هەرێمی کوردستانیش هاوپەیمانی دروست بێت".
دكتۆر بارزان جهوههر گوتیشی: ''ئەوان دەستبەرداری ئەو مافانە نابن، بەڵام ناکرێت چەندین ساڵ لەسەر کۆمەڵێک پرس بە چەقبەستوویی و بە بنبەست بگەی کە بزانی جگە لە لایەنی ناوخۆیی، لایەنی دەرەکیش لە پشت جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ و کۆمەڵیک بابەتی دیکەی لە عێراق هەیە، ناکرێت دیالۆگی خۆت لەسەر ئەم بابەتە راگری، بەڵکو دەبێت کۆمەڵێک پرسی دیکەی هەنووکەیی هەیە بیکەیە ئەولەوییەت، هاوکات ئەو بابەتانەی کە پێشووتریش هەیە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت''.
ئهو شارهزا سیاسییه پێیوایه كه گۆڕانكارییهكانی ئهفغانستان، سووریا و یهمهن یهك پاكێجی سیاسییه و دۆخهكه خراپتر دهكهن و لهمبارهیهوه گوتی: ''پێموایە بە ھەڵبژاردن نابێتە خاڵی وەچەرخان بۆ بابەتی سەقامگیریی سیاسیی، تا دێ ھەڵبژاردن دوای ھەڵبژاردن، کۆمەڵگای عێراقی بەرەو تارماییەکی زیاتر دەڕوات، چارەنووسی عێراق بە گوێرەی ھەموو ئەو توێژینەوانەی کە سەنتەرەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردوویانە، ھیچیان باس لە تروسکاییەک ناکەن بەھۆی ئەوەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو گۆڕانکارییەی لە ئەفغانستان، سووریا و یەمەن دەکرێت، ھەمووی یەک پاکێجی سیاسییه و دۆخەکە بەرەو باشتر نابەن و لە جیھاندا گۆڕانکارییەکان بەرەو پشتگیرییکردن لە دیموکراسی ناڕوات، بەڵکو تەرکیز لەسەر بنەماکانی ریالیزم دەکرێتەوە کە بەھێزبوونە لە رووی ھێز و چەک و ئابوورییەوە''.