Rewa Mahmood Hasan
28 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2022
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی، بە بەشداری کادر و سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هۆڵی وەرزشی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت.
ئەنجامدانی ئەم دیدارە گشتییە کە لەژێر درووشمی "نوێبوونەوە و چاکسازی" بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدایە کە پێشتر كۆنفرانسەکانی دیدارەکە لە هەریەک دهۆك، هەولێر، كەركوك، گەرمیان،هەڵەبجە، شارەزوور، راپەرین، بەغداد، خانەقین و سلێمانی بە مەبەستی گوێگرتن و وەرگرتنی پێشنیار و رەخنەكان بەڕێوەچووبوون.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەو حزبە، دیداری یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵێكە بۆ نوێكردنەوەی توانا حزبەكەیان بۆ خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان، و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نوێی پشتبەستوو بەگەنجان بەهۆکارێکی گرنگی دەزانن بۆ بەهێزكردنی خواستی چاكسازیی لە دامەزراوە و ئۆرگانەكانی حزب و دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەت و دیدگای یەكێتی بۆ كۆی پرسەكان.
بریارە دیدارەكە چوار رۆژ بخایەنێت و تێكەڵ بەیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بکرێت کە لە یەکی حوزەیراندا یادی ٤٧ ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە.