Ahmad Delimi
20 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنشجەممە، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران ھەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، ھێزێکی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکە بڵاوی پێ کراوە.
ئەفسەرێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە ھێزێکی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی سوید بە ئاراستەی رێگای فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی بەغدا بڵاوەی پێ کراوە و خۆپیشاندەرانیان لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە دوور خستووەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەیشدا کە ھێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی بەربەستی کۆنکرێتییان لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی سوید داناوە و گوتی: "ئامانج لە گرتنبەری ئەو رێوشوێنە، رێگریکردنە لە ھاتنی خۆپیشاندەران و ھەر ھێرشێک کە ئەگەری ھەیە لە نزیک ناوچەی سەوز رووبدات".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا گردبوونەوە و نارەڕزایەتییان دەربڕی لەھەمبەر حکوومەتی سوید کە رێگەی داوە جارێکی دیکە قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم بسووتێندرێت.
لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، لایەنگرانی سەدر ھەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و بەشێکی باڵیۆزخانەکەیان سووتاند.
میدیاکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە کە باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق داخستنی باڵیۆزخانەکە و راگرتنی خزمەتگوزارییەکانی بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە تا کاتێکی نادیار راگەیاندووە.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتوندی ھەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا سەرکۆنە کرد و داوای کرد کە بەپەلە لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە بکرێت.
ئەم پێشھاتەنەیش دوای ئەوە دێت کە پۆلیسی سوید رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم، بۆ ئەوەی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێندرێن.