Sarmand Hameed
04 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2021
هەولێر - AA
ھاوپەیمانیی ھیوای کوردستانیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی هاوپەیمانی هیوای کوردستانیی "لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین تەوەری ھەستیار و گرنگی تایبەت بە عێراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە".
لە راگەیاندراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بەوە دراوە کە پرسی گۆڕینی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدڕالی بۆ پەیوەندیی ھاوکاری و تەواوکاری دیدی ھاوبەشی ھەردوولا بووە، ھەروەھا پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵیی و شایستە داراییەکانیی جووتیاران و فەرمانگە فیدرالییەکان و کێشەی فەرمانبەرانی بەنداوەکانی ھەرێم و زیندانیانی سیاسیی و شەھیدان و ئەو گرفتانەی دیکە کە لە مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە باس کراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆسیەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و لەمبارەیەوە هاوپەیمانی هیوای کوردستانیی "داوای کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەولەکانی بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی دھۆک و بادینان بخاتە گەڕ کە لە پێناوی ئازادیی رادەربرین چەندین مانگە خراونەتە زیندانەوە و ژیان و سەلامەتیان لە مەترسیدایە".
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە "سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بایەخەوە کارکردنی ھاوپەیمانیی ھیوای کوردستانیی بەرز نرخاندووە و رایگەیاندووە لە پێناو دژایەتیکردنی گەندەڵی و داکۆکیکردن لە بەرژوەندیی ھاووڵاتییان ھەماھەنگ و پشتیوانی یەکتری دەبین".
ئاماژە بەوەشدراوە کە مستەفا کازمی بەڵێنیداوە بە زوویی کێشەی فەرمانگە فیدڕالییەکان و بەنداوەکان و شایستە داراییەکانی جووتیاران چارەسەربکرێت و بەدواداچوون بۆ ھەموو کێشە و گرفتەکانی دیکەیش بکات.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە "لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین تەوەری دیکەی ھەستیار و جێگای بایەخ گفتوگۆکراوە لەوانە دژایەتیی گوتاری شەعبەوی کە بازرگانیی بە ناوی قەومییەت و مەزھەبەوە دەکات و گرنگیی کارکردن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردی دوور لە تەزویر و ساختەکاری و لەمڕوەیشەوە بریاری ھەماھەنگی و دیدار و کۆبوونەوەی دەوری دراوە".