عێراق, هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ٢٠٢١

ھاوپەیمانیی فەتح: "دەستوەردانە دەرەکییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا رەت دەکەینەوە"

- ھاوپەیمانیی فەتح: "تووشی شۆک بووین بە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە تیایدا پیرۆبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە لە کاتێکدا، ھێشتا تانەکان یەکلایی نەکراونەتەوە".

Zana Natık Kerem  | 24.10.2021 - نوێکردنەوە : 24.10.2021
ھاوپەیمانیی فەتح: "دەستوەردانە دەرەکییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا رەت دەکەینەوە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری رایگەیاند کە دەستوەردانە دەرەکییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا رەت دەکەنەوە.

بەپێی میدیا عێراقییەکان ھاوپەیمانیی فەتح لە راگەیەندراوێکدا، رەختەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی گرتووە سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و تیایدا ھاتووە "تووشی شۆک بووین بە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە تیایدا پیرۆبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە لە کاتێکدا، ھێشتا تانەکان یەکلایی نەکراونەتەوە".

ئاماژە بەوەیشدراوە کە وێرای ئەوەی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدان ناڕەزایەتیی خۆیان نیشانداوە لەبارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و نێردەکەی لە عێراق جێگای پرسیارە، ھەروەھا بێلایەنی ئەنجوومەنەکە نیشان نادات، بەتایبەتیش کە نێردەی یەکێتیی ئەورووپا، ژمارەیەک پێشێلکاریی لە رۆژی ھەڵبژاردنەکاندا و راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان تۆمارکردووە.

ھاوپەیمانیی فەتح ھەروەھا راشیگەیاندووە "جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ سەرجەم ویێستگەکان، مافی خۆمانە و لێی پاشگەز نابینەوە، ھەروەھا دەستوەردانە دەرەکییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا رەت دەکەینەوە ".

پێشتر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی راگەیەندراوێکی لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو بڵاوکردەوە و تیایدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەکەی کردبوو.

بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ١٧ کورسی بەدەستھێناوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın