پەیوەندی تەلەفۆنیی سەرکۆماری عێراق و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
- سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرھەم ساڵح و ئەنتۆنیۆ گوتیرێس پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و لە میانیدا سەبارەت بە دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، گۆڕانکارییە سیاسیی و ئەمنییەکانی عێراق و گرنگی چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی یاسا و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و تێپەڕاندنی تەنگژەکان لە رێگەی گفتوگۆ و یەکخستنی ھەوڵەکان لە پێناو دۆزینەوەی رێگەچارەی ھاوبەش بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپاتکراوەتەوە، ھاوکات ئاماژە بەوەشکراوە کە سەقامگیری و سەروەریی عێراق بنەمایەکی گرنگە بۆ ئاسایش و ئارامی سەرجەم گەلانی ناوچەکە.
باس لەوەشکراوە کە پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێکراوە کە بڕیارە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، لەوبارەیەوە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی کاری ھاوبەش، ھەماھەنگی کارا و جیددی لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکاندا لە پێناو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دەستەبەرکردنی چاودێرییەکی نێودەوڵەتی لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەوەیش بە ئامانجی ئەوەی ژماریەکی زۆری دەنگدەر بەشداریی لە پرۆسەکەدا بکەن و ئازادانە گوزاشت لە خواستی ئازادی خۆیان بکەن، بەشێوەیەک بەرجەستەی بڕیاری راستەقینەی خۆیان بێت.
بەپێی راگەیەنراوەکە لای خۆیەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس بەگرنگییەوە باسی لەو پەرەسەندنە ئەرێنییانە کردووە کە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت، ھەروەھا جەختی لەوەشکردووەتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی تەواو لە عێراق دەکات لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری، ھەروەھا راشیگەیاندووە پشتیوانی لەو ھەوڵانەش دەکات کە بۆ تێپەڕاندنی بەرەنگارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراونەتەگەڕ.