ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە یەکەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند کە ئەرکی حکوومەت ئەوەیە گوێ لە گەلەکەی بگرێت.
مستەفا کازمی لە یەکەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمدا پەیامێکی ئاراستەی گەلی عێراق کرد و رایگەیاند، ساڵێک لەمەوبەر لە میانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمدا، چین و توێژەکانی عێراق بەخوێنی خۆیان ناوی خۆیان لە مێژوودا تۆمار کرد و ھەنگاویان بەرەو ئایندە نا و گوتی: "لەو ساتە مێژووییەدا تێدەگەین لەوەی دەتوانن ھەرچی و ھەوڵ توانمان ھەیە بیخەنە گەڕ و بگەین بە ئەنجامێک کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی کە خۆپیشاندانەکانی عێراق، نەخشە رێگەیان دانا کە لای ھەمووان پەسەندە و ئێمە لای خۆمانەوە لەسەر ئەو نەخشە رێگایە بەردەوامیین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی راشیگەیاند، حکوومەتی ئێستای عێراق کاتێک پێکھێنرا، چاوی لەوە بووە کە گوزەراشت لە گەلی عێراق بکات و گوتی: "ھەر لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونمان، کارنامەی حکوومەتەکەمان کە تەمەنی تەنھا پێنج مانگە خستە واری جێبەجێکردنەوە و یەکێک لە خاڵەکانی نێو کارنامەکەدا، بریتییە لە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد، بێگەرد و دادپەروەرانە و بۆ ئەو مەبەستەیش شەشی حوەزیرانی ساڵی ٢٠٢١مان وەک وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکردووە و سوورین لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەو وادەیەدا".
مستەفا کازمی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا رایگەیاند، کاریان کردووە و لە داھاتوودا کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە تەواو بکات بەتایبەتیش لە کاتی تەواوکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکان لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و گوتی: "ئیرادەی گوڕانگاری سیاسی، لە رێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بەدی دێت، بۆیە پێویستە ھەموولایەک ئامادەبێت بۆ ھەڵبژاردن، ئێمە ئەرکی پارێزگارییکردنی لە ساختەکاری و چەکی بێ موڵەت دەگرینە ئەستۆ، بەھموو رێگا و رێککارەکانی یاسایی، و پلانی ئەمنی تۆکمە لەرێگەی پشت بەستن بە سیستەمی بایۆمەتری و کاردەکەین بۆ پڕکردنەوەی ھەموو ئەو بۆشاییە ئیداریی و تەکنۆلۆجیانەی لە سیستەمی ھەڵبژاردندا ھەیە، بەر لە ھەموو شتێکیش دەرگا بەڕووی سەرجەم ھێزە سیاسییەکان واڵا دەکەین بۆ دەربڕین لە خۆیان و رێکخستنەکانیان و چوونە ناو کێبڕکێی ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاسایی و دەستووری".
سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکانی نێو خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، مستەفا کازمی گوتی: "بەڵێنی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەمان دا بۆ دەرخستنی راسییەکان لە رووداوەکان و ئەمەشمان کرد، سەربای گومانی ژمارەیەک لەو کەسانەی کە موزایدەیان دەکرد، لیژنەکان بە ئامانجی گێرانەوەی راستییەکان لە رووداوەکانی نێو خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەم پێکھێناوە و ناوی ژمارەیەک لەو خۆپیشاندەرانەی کە کوژراون، دۆسیەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و ئەو خۆپیشاندەرانەیش کە برینداربوون دەستکراوە بە چارەسەرکردنیان لە ناوخۆ".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەشێکی پەیامەکەی بۆ رەوشی ئابووری وڵاتەکەی تەرخان کرد و گوتی: "وێرای ئەو قەیرانەی کە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە وڵاتەکەمان سەریھەڵداوە، بەڵام دۆسیەی ئابوورییەکی قورسمان کە پشتی تەواوی بە نەوت سیاسەتی ھەڵە بەستبوو و لەگەڵ گەنجینەیەکی بەتاڵمان وەرگرتووە".
گوتیشی:"لەگەڵ ھەموو ئەوانەیشدا، سەرجەم پێدوایستییە سەرەکییەکانی وڵاتمان دابینکردووە و پەڕەی سپی بە ئامانجی ئەنجامدانی چاکسازی ئابووری پێشکەش کردووە، جگە لەوەیش چارەسەری درێژ مەودامان بۆ رێگرتن لە داڕمانی ئابووری و ھاندان بۆ کشتوکاڵ، پیشەسازیی نیشتمانیی و وەبەرھێنان داناوە".
راشیگەیاند، بەجدی دەستیانکردووە بە رێککارەکانی جێبەجێکردنی پەڕەی سپی بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەل و ئاسایشی ئابووری بگەیەنێت.
مستەفا کازمی لە پەیامەکەیدا جەختیکردووەتەوە کە ھەنگاوی زیاتر لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەنێنن و ئاشکرایکردووە کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ی دۆسیەی گەندەڵی گەورەیان کردووەتەوە و تەنانەت ژمارەیەک گەندەڵکارشیان راپێچی دادگا کردووە.
کازمی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بەداخەوە عێراق لە لێواری شەڕێکی ھەرێمی و نێودەوڵەتیدا بوو، بە ھێمنی و دیپلۆماتی کارمان کرد بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ گەڕانەوەی سەنگی عێراق و قەبارە نێودەوڵەتییەکەی، و رێگەنەدان بەوەی جارێکی دیکە بخزێنرێتە ناو ململانێ لە بری لایەنی دیکە یان پەلاماردانی لایەنی دیکە".
سەبارەت بە گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریکایش، مستەفا کازمی گوتی:"بەرەوپێشچوونی باشمان بەدەستھێناوە لە گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە سەروەریی نیشتمانیی، بەھەمان شێوە بەڕوون و ئاشکرا بە وڵاتانی دراوسێ و دۆستەکانمان لەسەر بنەمای، بەرژەوەندی عێراق لە پێشینەدایە".
کازمی راشیگەیاند، رێکخستنەوەی ھێزە ئەمنییەکان و تایبەتمەندییان کاری لەپێشینەی بەڵێنەکانی حکوومەتەکەی بووە و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو ھەنگاوی گەورەیان بە ئاراستەی گەڕانەوەی شکۆی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان ناوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بەھەموو شێوەیەک رووبەڕووبوونەوەی ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەران رەت دەکەنەوە و رووی قسەکانی ئاراستەی عێراقییەکان کرد و گوتی: "شکۆی ھێزە ئەمنییەکان بە قسە و کردار مەشکێنن، رێز لە پلەی سەربازیی و جلوبەرگی سەربازیی و ھێزە ئەمنییەکان بگرن".
مستەفا کازمی جەختیکردەوە کە خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێکی رەوای گەلی عێراق و گوتی:"فەرمانی توندمان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران دەرکردووە و داوایش لە گەنجان دەکەین بە ھەستارییەوە مامەڵە بکەن و رێگە نەدەن خۆپیشاندانە ئاشتیانەکانیان بە ئاقارێکی دیکە ببرێت و تا رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان ببنەوە و زیان بە ماڵ و موڵکی گشتیی و تایبەت بگەیەنن".
مستەفا کازمی گوتیشی:"ھەروەھا ھێزە ئەمنییەکان چۆن فەرمانیان پێکراوە خۆپیشاندەران بپارێزن، بەھەمان شێوە دەبێت پارێزگاری لە موڵک و سامانەکانی گشتیی و تایبەت بکەن و پێویستە رووبەڕووی ھەموو ئەو کەسانەیش ببننەوە کە ھەوڵی ھێرشکردنە سەر ھێزە ئەمنییەکان یان موڵک و ماڵی گشتیی و تایبەت دەدەن و ھەوڵی شکاندنی شکۆی دەوڵەت دەدەن".
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە گەنجانی خۆپیشاندەر کرد پارێزگاری لە بەڕێوەچوونی ئاشتییانەی خۆپیشاندانەکان بکەن و لە کاتی بوونی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو بۆ شێواندن بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان پەیوەندی بە ھێڵی تایبەت بکەن کە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراوە.
کازمی ھۆشداریشی دا بەوەی رادەستی کەسانی دژ بە دەوڵەت نابن جا لە ھەرلایەنێک بێت بە تایبەت ئەوانەی لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن لە بەلاڕێدابردنی ئاشتییانەی خۆپیشاندانەکان دوای ئەوە شکستیان ھێنا لە ھەوڵەکانیان دژ بە دەوڵەت لە رێگەی چەکی بێ موڵەت و لە ئێستادا ھەوڵ دەدەن دەنگی ھاووڵاتییان بۆ مەرامی خۆیان بقۆزنەوە.
کازمی راشیگەیاند، ئەوانە شکستیان ھێنا لە سەرکردایەتیکردنی وڵات و وڵاتیان بەرەو لێواری دابەشبوون و شەڕی ئەھلی و تیرۆریستانی داعش برد و عێراقییان کردە گوڕەپانی ململانێی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی و پارێزگاریان لە خوێن نەکرد و راستگۆ نەبوون لە پاراستنی ئەو ئەمانەتەی پێیان سپێردرابوو، ھەرگیز رێگەیان پێ نادرێت خۆیان بخزێننە ریزی داواکارییەکانی گەڵەکەمان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای لە خۆپیشاندەران کردوو پارێزگاری لە ریزەکانیان بکەن و ئەوانەی عێراق و گەلەگەیان دەوێت لەگەڵ ئەوانەی خاپووربوونی وڵاتییان دەوێت وەک یەک ھەژمار نەکرێن.
کازمی لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە رێز و شکۆوە یادی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی کردووەتەوە.
جێی ئاماژە، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا، خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بەڕێوەچوو کە بەھۆیەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی ناجار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.
بەپێی داتاکانی حکوومەتی عێراق، لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەدا، ٥٦٥ کەس لە خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان کوژراون.
news_share_descriptionsubscription_contact

