عێراق

په‌رله‌مانی كوردستان: "داعش مەترسییە بۆسەر ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی خەڵکی هەرێم و عێراق و هەموو جیهان"

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان: "نابێت بە هیچ شێوەیەک نەرمی نواندن یان خەمساردی لە پڕکردنەوەی ئه‌و بۆشاییە ئەمنییانە و کۆتاییپێهێنانی تەواوەتیی داعش بکرێت".

Sarmand Hameed  | 03.12.2021 - نوێکردنەوە : 04.12.2021
په‌رله‌مانی كوردستان: "داعش مەترسییە بۆسەر ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی خەڵکی هەرێم و عێراق و هەموو جیهان"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات بۆ کۆتاییهێنانی خێرای مەترسی و هەڕەشەکانیتیرۆریستانی داعش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەماهەنگی و پەیوەندییەکانیان زیاتر بکەن و لە ژێر چاودێریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە پەلە بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ بکرێتەوە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەسەر هێرشی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش بوسەر ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووغ کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی شەهید و برێنداربوون و لەکاتی ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی تیرۆریستانیشدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و برینداربوون، پەیامێکی بڵاوکردەوە

لە پەیامەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە "بە داخێکی گرانەوە هەواڵی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی و پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەمان پێگەیشت، بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ، بەو بۆنەیەوە هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ کەسوکاری شەهیدان دەردەبڕین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین، داوا لە خوای گەورە دەکەین شەهیدانمان بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە کەسوکار و دۆستانیان بدات و شیفای خێرای بریندارانیش بدات".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "چەندین جار هۆشداریی دراوە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و کۆتایی نەهاتنى مەترسییەکانی، هەمیشە دووپات لە مەترسیی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی کراوەتەوە، کە تیرۆریستان بە هەلیان وەرگرتووە و لەوێوە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان".

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات "بۆ کۆتاییهێنانی خێرای ئەو مەترسی و هەڕەشانە لەسەر گیانی پێشمەرگە ئازایەکانمان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەماهەنگی و پەیوەندییەکانیان زیاتر بکەن و لە ژێر چاودێریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە پەلە ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە و مەترسییەکە لەسەر خاک و خەڵکی کوردستان دوور بخرێتەوە".

لە کۆتایی راگەیەنداوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "نابێت بە هیچ شێوەیەک نەرمی نواندن یان خەمساردیی لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە و کۆتاییپێهێنانی تەواوەتیی داعش بکرێت، چونکە داعش مەترسییە بۆ سەر ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی خەڵکی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın