Heman Husseın Yaseen
05 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە ، پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی بە یاوەری جێگری پارێزگار، ھێمن قادر ھەریەک لە قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای دەشتی ھەولێر، ئیبراھیم شێخەڵڵا و بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبا، حوسێن حەمەد تیمەکانی ھەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆیی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لەسەر رێگەی ھەولێر - پیرمام بەسەرکردەوە.
پارێزگاری ھەولێر سەبارەت بە ھەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆیی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەمەبەستی باشترکردنی دۆخی کارەبا و بنەبڕکردنی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەستی پێکرد رایگەیاند کە ھاووڵاتییان ھاوکارێکی باشی تیمەکانی هەڵمەتەکە دەکەن و پڕۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و ئاشکرایشی کرد کە لە کۆی ٥٠٦ شوێن کە پشکنراوە کارەبای ١٥٨ شوێن بڕدراوە کە سرپێچی و زێدەڕۆییان کردبووە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.
فەرسەت سۆفی گوتی: "ھەروەکو رۆژانی رابردوو لێرە لەسەر رێگای ھەولێر - پیرمام کە پێ دەگوترێت مەزرەعەکان، ھەڵمەتەکە بەردەوامی دەبێت، ھەروەک چۆن ھەڵمەتەکەش لە گەڕەکەکانی وەزیران، ئەمین عامەکان و دۆلاراوە لە ھەولێر دەستی پێکرد لە قەزاکانی دیکەش لە سۆران، چۆمان، رواندز، خەبات، کۆیە، دەشتی ھەولێر و ھەموو شوێنێکی سنووری پارێزگای ھەولێر دەستی پێکردووە".
پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: "ھەڵمەتەکە ھەڵمەتێکی سەرتاسەرییە و بۆ ھەمووانە و ھەرکەسێک زێدەڕۆیی کردبێت زێدەڕۆییەکەی دەبڕدرێت و جیاوازی لەنێوان کەسدا ناکرێت، داواش لە ھاووڵاتییان دەکەم بەرلەوەی تیمەکانی ئێمە بگەن، خۆیان چارەسەری سەرپێچیەکان بکەن، چونکە تیمەکانی ئێمە ماڵ بەماڵ، مەزرەعە بەمەزرەعە، ئوتێل بە ئوتێل، ھەموو شوێنێکی بازرگانی دەگەڕێن، دووبارەی دەکەینەوە ئەو ھەڵمەتە بۆ ھاوکاری خەڵکە و بۆ تۆڵەسەندنەوە نییە، بۆئەوەیە بتوانین دۆخی کارەبا چاک بکەین".
پارێزگاری هەولێر داوایشی لەو شوێنانە کرد کە سەرپێچییان ئەنجامداوە و کارەباکەیان بڕدراوە، ئەوا هیچ کەسێک هەڵەی وا نەکات کە سەرپێچییەکە دووبارە بکاتەوە، چونکە لە دووبارەکردنەوەیدا جگە لە سزایەکی دیکەی دارایی ئەوا کەسی سەرپێچیکار دەدرێتە دادگا و کارەباکەیشی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبڕدرێت.
پارێزگاری ھەولێر لەبارەی ئەو کەسانەشی کە بازرگانی بەکارەباوە دەکەن و زێدەڕۆیی دەکەنە سەر کارەبا گوتی: "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا باندێک لە ھەولێر دەستگیرکراوە کە کاریان ئەنجامدانی سەرپێچی بووە بۆ دزینی کارەبا و سەرپێچیکردن لەسەر تۆڕەکانی کارەبا، ھەندێک لەو کەسانەمان دەستگیرکردووە، ھەندێک ناوی دیکەش چاودێرییان لەسەرە و دەستگیریان دەکەین، ھەمووشیان دەدرێنە دادگا و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".