عێراق

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: "سنووری پارێزگای سلێمانی کەمترین رێژەی هەژاریی هەیە"

- بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، سنووری پارێزگای سلێمانی لەنێو سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، کەمترین رێژەی هەژاریی هەیە و پارێزگای موسەنناش بەرزترین رێژەی ھەژاری ھەیە ".

Aref Yousef  | 16.02.2020 - نوێکردنەوە : 17.02.2020
وەزارەتی پلاندانانی عێراق: "سنووری پارێزگای سلێمانی کەمترین رێژەی هەژاریی هەیە"

Iraq
بەغدا - AA

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی ھەژاری لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە عێراق بە ڕێژەی ٢٠% دابەزیوە و لەنێو سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، سنووری پارێزگای سلێمانی کەمترین رێژەی ھەژاریی ھەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق عەبدولزەھرە ھینداوی، لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "بە پێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان رێژەی ھەژاری لە ماوەی ساڵانی (٢٠١٨-٢٠١٩) بۆ ٢٠% دابەزیوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٤ کە ٢٢% بوو".

ھینداوی گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٤دا بە ھۆی ئەو قەیرانە داراییە و ئەمنییەی کە لەدوای داگیرکردنی سێ یەکی رووبەری وڵات لەلایەن رێکخراوی داعشەوە سەریھەڵدا، رێژەی ھەژاری لە وڵاتەکە بەرزبووەوە کە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣دا ١٥% بوو".

ھینداوی ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی پلاندانان لە ساڵی ٢٠١٨وە پلانێکی راگەیاندووە و تاکو ساڵی ٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت بە ئامانجی دابەزاندنی رێژەی ھەژاری لە وڵاتەکەدا بۆ ١٦%.

ئابووری عێراق پشت بە داھاتی فرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستێت بۆ دابینکردنی نزیکەی ٩٥% خەرجیەکانی وڵات. ھەروەھا حکوومەت ھاوکاری دارایی بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠ ھەزار خێزانی ھەژار دابینکردووە لە سەرتاسەری وڵاتدا.

ئەوەی شایەنی باسە ھاوڵاتییانی عێراق، ساڵانێکە دەناڵێنن بەدەست کەمی دەرفەتی کار، نەبوون و خراپی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک کارەبا و ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی خوێندن و تەندروستی.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق عەبدولزەھرە ھینداوی، گوتیشی: " بەگوێرەی ئاماری ھەژاری لە ساڵی ٢٠١٨دا، دەرکەوت کە پارێزگای موسەننا بە رێژەی ٥٢% بەرزترین رێژەی ھەژاری ھەیە ".

رێژەی ھەژاری بەپێی وەزارەتی پلاندانان و ئاماری ناوەندیی عێراق بەم شێوەیە:

سلێمانی ٤.٥% ،ھەولێر ٦.٧%، کەرکووک ٧.٦% ،دھۆک ٨.٥% ،بەغدا ١٠% ،بابل ١١% ،کەربەلا ١٢% ،نەجەف ١٢% ،بەسرە ١٦% ،ئەنبار ١٧% ،سەلاحەددین ١٨% ،واست ١٩% ،دیالە ٢٢.٥% ،موسڵ ٣٧.٧% ،زیقار ٤٤% ،میسان ٤٥% ،دیوانیە ٤٨% ،موسەننا ٥٢%.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın