Hawkar Yaseen
01 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە واژووی وەزیری تەندروستی، سامان بەرزنجی لەسەرە بە ژمارە ١٠ هەزار و ٦٨٧ ئەمڕۆ ٣١ی ئاب ئاراستەی سەرجەم بەرێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیەی کردووە، ماوەی پێدانی دۆزی دووەمی ڤاکسینی فایزەری بۆ هەشت هەفتە یان ٥٦ رۆژ درێژکردەوە لەدوای وەرگرتنی دۆزی یەکەمی ڤاکسینەکەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوەکەیدا رایگەیاندووە "بەپشت بەستن بە رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی و رازیبوونی لیژنەی باڵای راوێژکاری تایبەت بە نەخۆشی کۆڤید ١٩، هەروەها وەک پاڵپشتییەک بۆ کوتانی زۆرترین ژمارە لە هاووڵاتییان کە ئەم ڤاکسینە دەیانگرێتەوە بە ژەمی یەکەم لە ڤاکسینی فایزەر هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی دنیا بڕیاردرا کە لە رۆژی یەکی ئەیلوولەوە ماوە لەنێوان هەردوو ژەمی ڤاکسینی فایزەر هەشت هەفتە دەبێت (٥٦) رۆژ لەجیاتی سێ هەفتە".
راشیانگەیاندووە "پیدانی ژەمی دووەم لەم ڤاکسینە بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە لەکاتی خۆی دەبێت کە پێشتر بۆیان دیاریی کراوە".