Hawkar Yaseen
13 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2020
کەرکوک AA
سەرۆکهۆزەکانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە بانگەوازێکدا کە ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیان کردووە، داوا دەکەن داگیرکردنی خاکی کورد لە سنوورەکە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە رابگیرێت.
سەرۆکهۆزەکانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە بانگەوازەکەیاندا دەڵێن "کێشەی سەرەکیمان لێسەندنەوەی متمانەیە لە تاکی کورد و داگیرکردنی خاک و ماڵی کوردە کە لە رژێمی پێشووی عێراقەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە لەژێر ناونیشانی تەعریب و بەزۆر دەرکردنی خەڵکی رەسەنی ناوچە کوردییەکان و بەزۆر جێگیرکردنی عەرەبی هاوردە لە ناوچەکانمان".
راشیانگەیاندووە "لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ئومێدێکمان پێ بەخشرا لەلایەن عەرەبە هاوردەکان بێ ئەوەی بیانترسێنین یاخود بەزۆر دەریان بکەین یان هەر فشارێک لە باوەڕبوونی خۆیان بە دادپەروەری جێگا داگیرکراوەکانیان بەجێهێشت و بابەتەکە گەڕایەوە سەر رێچکەی خۆی، بەڵام لەدوای پرۆسەی جێگیرکردنی یاسا کە لەلایەن سوپای عێراق بۆ کەرکووک و قەزای دووز دەستی پێ کرد، تێبینی ئەوەمان کردووە سەرلەنوێ خێزانەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی پێشتر بەجێیان هێشتبوو بەبیانووی ئەوەی هەقی خۆیانە، بە پاڵپشتی و سەرپەرشتی چەند کەسێک لە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و نوێنەری پارێزگاری کەرکووک بەمەبەستی دەنگ کۆکردنەوە بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی ماددی".
سەرۆکهۆزەکانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەشڵێن "ئەم پرۆسەیە بۆ سڕینەوەی مێژووی سەدان ساڵەی باو و باپیرانمانە لەو خاک و جێگایەی بۆمان ماوەتەوە".
سەرۆکهۆزەکانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە بانگەوازەکەیاندا دەڵێن "ئێمە نابینە ئاگر خۆشکەری فیتنە و بەلاریدابردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتیی، بەڵکو دەبینە ئاگرکوژێنەوەی فیتنە لەو ناوچانە، خوا نەخواستە لە روودانی شتێکی وادا خەڵکێکی زۆر زیانیان پێ دەگات".
لە کۆتایی بانگەوازەکەشیاندا داوا دەکەن "پێش هەر رووداوێکی نەخوازراو دەستی ئاشتی پیشکەش بکەن بە چارەسەرکردنی بەپەلە بۆ ئەم کێشانە و گەڕانەوەی مافەکان بۆ خاوەن مافی راستەقینە بەڕێگای یاسا، بۆ بەردەوامی برایەتی کورد و عەرەب و بونیاتنانی عێراقێکی دیموکراسی ئازادکراو لە زووڵم و ستەم".
رۆژی دووی ئاب، ژمارەیەک هۆزی عەرەبی هاوردە کە پێشتر بەر لە پرۆسەی ئازادی عێراق لەو ناوچانە بوون دووبارە گەڕانەوە سنووری قەزاکانی داقوق و خورماتوو و لە ئەنجامیشدا، شەڕ و رووبەرووبوونەوە دروستبوو لەگەڵ هۆزە کوردەکانی ناوچەکەدا.