14 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەڵەتیی دژبە داعش، کۆلۆنێل مایڵز كاگنیز رایگەیاند كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق پێكەوە كار بۆ لەناوبردنی داعش دەکەن.
کۆلۆنێل مایڵز كاگنیز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "ھێزە ئەمنییەكان پێكەوە كار دەكەن بۆ لەناوبردنی داعش، ئەم ھەماھەنگییە بەرھەمی زنجیرەیەک كۆبوونە بووە لەسەر ئاستی باڵا، دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی دژەتیرۆر لە سلێمانی ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشیان ئەنجام دا دژبە داعش لە پارێزگای دیالە - قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانانی عێراق".
ئەم لێدوانەی کۆلۆنێل مایڵز كاگنیز دوای ئەوە دێت کە لە رۆژی شەممەی رابردووەوە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی سەربە پارێزگای دیالە دەستی پێ كراوە كە هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی تیایدا بەشداری دەكەن.
دوێنێ دووشەممە سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد رەزا ئال حەیدەر رایگەیاندبوو كە لە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراقدا كە بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك ناوچەی پارێزگای دیالە ئەنجام دەدرێت، هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەدا هەیە.