Ismael Adnan Yaqoob
04 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
لە کڵێسای تاھیرەی گەورە لە شارۆچکەی قەرەقۆش سەربە پارێزگای نەینەوا، رێورەسمی جەژنی ھەستانەوە بەڕێوەچوو.
شارۆچکەی قەرەقۆش زۆربەی دانیشتوانەکەی مەسیحیین بە دووری ٣٠ی کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگاری نەینەوا.
کڵێسای تاھیرەی گەورە بە یەکێک لە کڵێسا گەورە و گرنگەکانی مەسیحییەکانی پارێزگای نەینەوا دادەندرێت کە لە ساڵانی رابردوودا لە میانی داگیرکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە کرابووە دادگا و دواتر وێرانکرا و سووتێندرا.
کڵێساکە لە حوەزیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا و لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پارێزگای نەینەوا، لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆ، دەست بە دووبارە بنیاتنانەوەی کرابوو.
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لە چوارچێوەی سەردانە مێژووییەکەیدا کە لە مانگی رابردوودا بۆ عێراق ئەنجامیدا، سەردانی شارۆچکەی قەرەقۆشی کرد و لە کڵێسای تاھیرەی گەورە نزای بۆ قوربانییانی جەنگ کرد.
لەمبارەیەوە سەرۆکی قشەکانی کاسۆلیک لە مووسڵ، مەتران یوحەننا بەترس موشی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی باسی لەوەکرد کە رێورەسمەکانی تایبەت بە جەژنی ھەستانەوەیان لە کڵێسای تاھیرەی گەورە ئەنجامداوە و گوتی:
"لە میانی مانگی رابردوودا، پاپا فرەنسیس سەردانی کڵێسای تاھیرەی گەورەی کردبوو کە ئەو سەردانەیش کاریگەریی نەک ھەر بۆ ئێمەی مەسیحی، بەڵکو بۆ ھەموو عێراقییەکان و دانیشتوانی ناوچەکە ھەبوو".
مەتران یوحەننا بەترس موشی گوتیشی: "ئومێدەوارین، ھەمووان بە خۆشەویستی، برایەتیی و ئاشتیی، بژین، چونکە شەڕێکی زۆر لە جیھان روویانداوە کە بەردەوام، وێرانکاریی و گەمارۆیان بەدوای خۆیاندا ھێناوە، تاوانە مرۆڤ کە خوا خەڵقی کردووە بەھۆی شەڕەوە لە ژیان و خۆشییەکان بێ بەش بکرێت".
ئەوەشی گوت "ئومێد دەکەین دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بە ئاشتی، ئارامی و برایەتی بژین و لەبەرامبەر یەکتر لێبوردە بن و یارمەتیی یەکتریش بدەن".