عێراق, هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ٢٠٢١

نەتەوە یەکگرتووەکان: "پێویستە عێراقییەکان بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن"

نێردەی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ عێراق (UNAMI) داوای لە هاووڵاتییانی عێراق کرد لە رۆژی هەڵبژاردندا بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن.

Zana Natık Kerem  | 08.10.2021 - نوێکردنەوە : 09.10.2021
نەتەوە یەکگرتووەکان: "پێویستە عێراقییەکان بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن"

Arbil

هەولێر - AA

یونامی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە رۆژی هەڵبژاردندا، پێویستە عیراقییەکان بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن لە کەشوهەوایەکی خاڵی له فشار و تۆقاندن و هەڕەشە".

نێردەی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ عێراق داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە کە رێز لە ئازادی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە خۆیان هەڵیاندەبژێرن.
ئەمرۆ هەینی هەشتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکرد و رۆژی یەکشەممە ١٠ی تشرینی یەکەم دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت.

بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تایبەت، نێردەی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین هێنس پلاسخارت چەند ناوەندێکی دەنگدانی لە شاری بەغدا بەسەرکردەوە.
جێی ئاماژەیە، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە مافی بەشدارییکردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەیە، یەک ملیۆن و ١٩٨ هەزار و ٥٢٤ دەنگدەرە کە لە ٦٨٧ ناوەندی دەنگدان کە دوو هەزار و ٨٩٩ وێستگەی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت، لە سەرانسەری عێراقدا دەنگ دەدەن.

لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، سێ هەزار و ٢٤٠ کاندید کە ٩٥٠ یان ئافرەت، ٧٨٩ یان سەربەخۆن و ژمارەکەی دیکە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی و پارتی سیاسییدان، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنەکە دەکەن کە ٨٣ کورسی بۆ کۆتای ئافرەت دیاریی کراوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن