Zana Natık Kerem
23 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی و وەزیری بەرگریی ھۆلەندا، ڕوبن بریکلمانس دۆخی ئاوارە ئێزدییەکان و گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، ھەروەھا دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریایان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کردووە لە وەزیری بەرگریی ھۆلەندا، ڕوبن بریکلمانس.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی ھۆڵەندا لەگەڵ عێراق و ھەرێم، بەتایبەتی لە بواری بەرگریی و ڕاھێنانی سەربازیدا، تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر برەودان بە ھەموو بوارەکانی پەیوەندی و گرنگی بەردەوامی ھەماھەنگیی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزە ھۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی ھەرێم لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کراوە، ھەروەھا ھەوڵەکانی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، خراوەتە بەر باس.
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی ھۆڵەندای کردووە بۆ پشتگیریی بەردەوامی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و ستایشی ڕۆڵی ھێزە ھۆڵەندییەکانی کردووە لە ڕاھێنان و بەھێزکردنی تواناکانی پێشمەرگەدا.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە بەرامبەردا وەزیری بەرگریی ھۆلەندا، ڕوبن بریکلمانس جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێم و عێراق بەگشتیی، ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە کە ھەرێمی کوردستان ھاوبەشێکی سەرەکییە لە ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکەدا.
باسی لەوەش کردووە کە ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی کاری ھاوبەش، ھەروەھا دەربارەی دۆخی ئێزدییان و گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا و لێکەوتەکانی، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.
دوێنێ یەکشەممە وەزیری بەرگریی ھۆلەندا، ڕوبن بریکلمانس بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبووەوە.
بەپێی دوو ڕاگەیاندراوی وەزارەتەکانی بەرگریی و دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پەرەپێدان بە ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ھۆڵەندا کراوە بە تایبەتی لە بواریی سەربازیی و ھەواڵگرییدا ، ھەروەھا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە نابێت ڕێگا بدرێت لەوەی تیرۆریستان دۆخی ئێستای سووریا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە.