Hawkar Yaseen
03 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی-دا تێپەڕی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال-دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە "ئەمڕۆ له يادی كۆچى سەرۆك مام جەلالدا، بەڕێزەوە یادی خەبات و تێكوشانیان بۆ ھێنانەدی مافەكانی گەلانی عێراق و گەلی كوردستان بەتایبەتی دەكەینەوە".
راشیگەیاندووە "مام جهلال ئاواتهخوازی یەكڕیزی، تەبایی و برایەتی بوو كە كلیلی سەركەوتنمانە”.
سەرکۆماری پێشووی عێراق، جەلال حوسامەددین تاڵەبانی کە بە مام جەلال ناسراوە لە ساڵی ١٩٣٣ لە گوندێکی سەربە قەزای کۆیە لەدایک بووە، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە و یەکەمین سەرکۆماری هەڵبژێردراوی عێراق بوو لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، ساڵی ٢٠١٢ بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە برایە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا بۆ چارەسەر، بەڵام رۆژی سێی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا گیانی لەدەست دا.
دواتریش تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە سلێمانی لە گردی دەباشان بەخاکسپێردرا.